بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ستیڤن هیکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبووەوە و چەند پرسی گرینگیان تاوتوێ کرد لەوان پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان، رۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی کوردستان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا یارمەتیدانی بەریتانیا بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکان و پرۆسەی چاکسازی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دوایین هەنگاوەکانی گفتوگۆی هەولێر – بەغدا، پرسی بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان، دۆخی ناوخۆی هەرێم، رێککەوتنی شنگال، مەترسییەکانی تیرۆر و سەرهەڵدانەوەی داعش، هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و پێشبینیی نەخشەی سیاسیی دوای هەڵبژاردنەکان، تاوتوێ کران.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لە ئامادەیی و خواستی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی یەکجارەکیی تەواوی کێشەکان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور و گرنگیی جێگیربوونی سیستمی فیدراڵی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، کلیلی ئارامی و سەقامگیریی ئێستا و داهاتووی عێراقە.
لە کۆبوونەوەکەدا جەیمس سۆرنتن کۆنسوڵی، گشتیی بەریتانیا لە هەولێر ئامادە بوو، راگەیێندراوەکە دەڵێت هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی جێبەجێ کردنی رێککەوتنی شنگال و گەیشتنی هەولێر و بەغدا بە رێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکانیان. هەروەها باڵیۆزی بەریتانیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیی هاوبەشی و پشتگیری لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دووپات کردەوە".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment