به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ناوه‌ندی فه‌رمانده‌ییی یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل (YPG) له به‌یاننامه‌یێکدا ڕایگه‌یاندووه: YPG ئاماده‌یه بۆ شه‌ڕی دژ به شانه‌ی نوستووی داعش له سووریا ژووری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌کانی پێک بهێنێت.
له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا که نووری مه‌حموود وته‌بێژی YPG خوێندیه‌وه نووسراوه: پاش به‌رخۆدانی بوێرانه‌ی YPG به هاوکاریی عه‌شیره عه‌ره‌به‌کانی ناوچه‌که و پاڵپشتیی ڕووسیا و هاوپه‌یمانیی دژه داعش به سه‌رکردایه‌تیی ئه‌مریکا گونده‌کانی ده‌یره‌زوور له ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری فورات به ته‌واوه‌تی پاک کرانه‌وه. ئێمه به بۆنه‌ی ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌وه پیرۆزبایی له جه‌ماوه‌ری سووریا ده‌که‌ین و سوپاسی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی ڕووسیاش ده‌که‌ین بۆ پاڵپشتی کردنی لۆجستی و ئاسمانی و هاوکاری و مه‌شق و ڕاوێژی سه‌ربازی. ئێمه هیوادارین ئێستا که شه‌ڕی دژ به تیرۆر له قۆناغی کۆتاییی خۆی نزیک ده‌بێته‌وه به‌رده‌وام بوونی پاڵپشتییه‌کانی گه‌ره‌نتی بکرێت. ئێمه سه‌رقاڵی پێکهێنانی بهڕێوهبهرایهتییێکی یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵێک ئه‌نجومه‌نین که له شێخی عه‌شیره‌کان، نوخبه‌کان و نوێنه‌ری عه‌ره‌ب و کورد و هه‌موو پێکهاته قه‌ومی و مه‌زهه‌بیی ناوچه‌که و به گوێره‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری و دۆستایه‌تی و پێکه‌وه‌ژیان پێکهاتووه.
به‌یاننامه‌که ئه‌وه‌شی زیاد کردووه: ئێمه ڕایده‌گه‌یێنین بۆ پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ شه‌ریکه‌کانمان بۆ شه‌ڕی دژ به داعش و زیاد کردنی هاوکارییه‌کان و سڕینه‌وه‌ی به ته‌واوه‌تیی تیرۆریزم ئاماده‌ین.
سه‌رچاوه: هاوار نیووز
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment