كه‌رتی نه‌وت و غازی هه‌رێم له‌ لێواری كه‌وتندایە

‌بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- رێكخراوێكی تایبه‌تمه‌ندی بواری نه‌وت و غاز ئاشكرای ده‌كات به‌هۆی رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ حكوومه‌تی هه‌رێم نزیکەی 500 بیره‌ نه‌وتی له‌ ده‌ست دا كه‌ داهاتی مانگانه‌یان 500 ملیۆن دۆلار بووه، بۆیە ئەگەری هەرەس هێنانی ئەو کەرتەی هەرێم لە ئان و ساتدایە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رێكخراوی دۆر كه‌ رێكخراوێكی تایبه‌تمه‌نده‌ به‌ بواری نه‌وت و غازی هه‌رێم راپۆرتێكی له‌سه‌ر شكستی حكوومه‌ت له‌ بواری وزه‌ بڵاو كرده‌وه‌، راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێت كه‌رتی نه‌وت و غازی هه‌رێم كه‌وتووه‌ته‌ دۆخێكه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر شكستی نه‌هێنابێت له‌ لێواری كه‌وتن نزیكه‌ و هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵی 2017دا به‌نزیكه‌یی 500 بۆ 550 بیره‌ نه‌وتی له‌ ده‌ست داوه‌ كه‌ 360 بیریان به‌رهه‌مداربوون و داهاتی مانگانه‌یان 500 ملیۆن دۆلار بووه‌.

راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه ‌كردوه:‌ ئێستا به‌رهه‌می نه‌وتی هه‌رێم بۆ 220-250 هه‌زار به‌رمیل دابه‌زیوه‌ ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ پێشتر هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم سه‌روی 700 هه‌زار به‌رمیل بووه له‌ رۆژێكدا.

راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ غازی سروشتی خاڵی به‌هێزی هه‌رێمه‌، به‌ڵام تا ئاسۆیێكی باش به‌دی نه‌كرێت بۆ ده‌رچوون له‌ ئابووری عێراق پێویسته‌ هه‌نارده‌ نه‌كرێت و له ناوخۆدا به‌كاربهێنرێت، چوونكه‌ هه‌نارده‌ی غازی سروشتیی هه‌رێم ده‌بێته‌ هۆی زیان گه‌یاندن به‌ ژێرخانی غاز و له‌روی داهاتیشه‌وه‌ سوودێكی ئه‌وتۆی بۆ هه‌رێم نابێت.

شاره‌زایێكی بواری وزه‌ رای گه‌یاند: ئه‌گه‌رچی هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی 200 تریلیۆن پێ سێجا غازی سروشتییه‌ كه‌ ده‌كاته‌ 5.7 تریلیۆن مه‌تر سێجا و 3%ی یه‌ده‌گی غازی جیهان له‌ هه‌رێمی كوردستاندایه،‌ به‌ڵام هاوڵاتییان و شاره‌زایان ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ له‌ كاتی هه‌نارده‌ی غازی سروشتیدا بڕی قه‌رزه‌كانی سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم زیاد بكات، ئه‌وه‌ش به‌هۆی گه‌نده‌ڵی و هه‌وڵه‌كانی به‌شێک له‌ ده‌سه‌ڵاتداران بۆ تێكه‌ڵ كردنی هه‌نارده‌ی غاز و سپی كردنه‌وه‌ی پاره‌.

رۆژی 18ی سێپتێمبێری ساڵی 2013 وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم گرێبه‌ستێكی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای گه‌نه‌ڵ ئێنێرجی و هاوبه‌شه‌ توركیه‌ ئه‌نگلۆكه‌یدا ئیمزا كرد بۆ ده‌رهێنانی غازی سروشتی و به‌ بازاڕ كردنی، به‌ڵام دواتر به‌بێ ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان هۆكاره‌كه‌ی ئاشكرا بكات كاركردن به‌ گرێبه‌سته‌كه‌ وه‌ستا.

هه‌رێمی كوردستان كه‌ تا پێش رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر نه‌وتی كه‌ركووک و هه‌رێمی كوردستانی هه‌نارده‌ ده‌كرد، چاره‌كه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی‌ له ‌كاتی خۆیدا نه‌ده‌دا، له‌و باره‌یه‌وه‌ شاره‌زایێكی دارایی ده‌ڵێت حكوومه‌تی هه‌رێم 84%ی داهاته‌كه‌ی له‌ نه‌وته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرت بو ئه‌و كه‌رته‌ش ناشه‌فاف بوو بۆیه‌ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم باجی گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵاتیان ده‌دا.

سەرچاوە: سبەی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 8991

Your Comment

You are replying to: .
captcha