به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌میر قادری له میانی به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی ناوچه لێقه‌وماوه‌کانی پارێزگای کرماشان له‌گه‌ڵ پارێزگاری کوردستان و شاندێکی یاوه‌ر وتی: هه‌ر له سه‌ره‌تاکانی ڕووداوه‌که، پارێزگای کوردستان وه‌کوو پارێزگای یارمه‌تیده‌ر چه‌ندان کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی هه‌ماهه‌نگی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی قه‌یرانی به‌ڕێوه برد و له ئێستادا نۆژه‌ن‌کردنه‌وه‌ی زیاتر له 100 گوندی شارستانی سه‌لاس ڕاده‌ستی بنیادی مه‌سکه‌نی پارێزگای کوردستان کراوه و هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نی هه‌ماهه‌نگیی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی قه‌یران ڕاسپێردراوه به‌وه‌ی یارمه‌تیی تێکڕای دام‌وده‌زگاکان کۆ بکاته‌وه و له پێناو باشتر کردنی دۆخی ئه‌و ناوچانه به‌کاریان بێنێت.
قادری باسی له‌وه‌ش کرد ژماره‌یێک مه‌کینه‌ی پێویست وه‌کوو شۆڤڵ، بێڵی میکانیکی و بارهه‌ڵگر نێردراوه و هه‌وڵ ده‌درێت تا کۆتاییی کار یارمه‌تییه‌کان به‌رده‌وام بن تا وه‌کوو خه‌ڵک بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر دۆخی ئاساییی خۆیان.
جێگری هه‌ماهه‌نگیی کاروباری ئاوه‌دانکاریی پارێزگاری کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد هه‌وڵ ده‌درێت یارمه‌تییه‌کانی خه‌ڵک ته‌رکیز بکرێنه‌وه و به‌رنامه‌یان بۆ دابین بکرێت و وتیشی: وێڕای ئاراسته‌کردنی پرسه و سه‌رخۆشی به خه‌ڵکی به‌شه‌ره‌فی ناوچه لێقه‌وماوه‌کان ڕای­ده‌گه‌یێنین به شێوه‌یێکی چالاک و جیدی له ڕه‌وتی نۆژه‌نکردنه‌وه‌دا به‌شداری ده‌که‌ین.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60104
Your Comment