هەولێر، بەهەشتی گەشتیاریی عێراقییەکان

بەشی جیهان- هەولێر بە حوکمی ئاسایشەکەی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینەکان، بۆتە مەنزڵێکی سەرەکیی ئەو گەشتیارانەی لە پارێزگاکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق و هەروەشا لە وڵاتانی دراوسێوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

کوردپرێس:

ئیمان عومەر و بنەماڵەکەی هەموو ساڵێک کە لە گەرمای بەغدا هەڵدێن پەنا دەبەنە هەرێمی کوردستان و بە زۆری لە هەولێر دەگیرسێنەوە. هەرێمی کوردستان خاوەنی سروشتێکی دڵڕفێنە و شوێنەواری مێژوویی و شوێنی گەشتیاریی زۆری تێدایە. هەر بۆیەش گەشتیارە عێراقییەکان ڕوو لەو ناوچەیە دەکەن.

محەمەد دەڵێت: "ئەمساڵ لەگەڵ ژمارەیێک لە هاوڕێکانی کچەکەم بۆ ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی سەرکەوتنیان لە قوتابخانە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەین. ئەو نرخانەی بۆ گەشتکردن لە کوردستان پێشنیاز دەکرێن زۆر گونجاون و بۆ ئەو بنەماڵە کەم دەستانە چینی مامناوەندی کۆمەڵگا باشە کە توانای ئەوەیان نیە بۆ دەرەوەی عێراق گەشت بکەن.

هەولێر وەک پێتەختی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ناوچەکانی دەوروبەری هەولێر مەنزڵی دڵخوازی زۆرینەی گەشتیارە عێراقییەکانە.

ناوبراو زیادی کرد: "بە ئاسانی دەستمان بە ناوچە گەشتیارییەکان، ڕێستورانتەکانەکان و شوێنە گەشتیارییەکانی هەولێر دەگات و لە هەولێر هەست بە ئاسایش و ئەمنی زیاتر دەکەین لەوەی لە دیکەی ناوچەکانی عێراق هەیە. بەغدا ئێجگار گەرمە و کار کردن لەو گەرمایەدا ئیزعاجت دەکات. شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان و تاڤگە و چیاکان شەکەتی لە لەشی ماندوو دەرئەکەن و گەشتیاران دەحەسێننەوە.

گەرمای هاوینی وا دەکات گەشتیاران لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە بەرەو هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی هەولێر بکشێن کە دەکەوێتە باکووری عێراق و کەشوهەوای ئەو ناوچەیە فێنکترە و شوێنە گەشتیارییەکانیشی ئامادەی میوانداری کردنی بنەماڵەکانن.

گرینگترین شوێنی گەشتیاریی شاری هەولێر، قەڵا و بازاڕی هەولێرە کە بە سەر هەموو شارەکەدا دەڕوانێت. دەڵێن قەڵای هەولێر کۆنترین نشینگەی هەمیشەییی مرۆڤ بووە لە جیهان. هەمیشە ژیان لەو قەڵایە بەردەوام بووە. ساڵی 2014 قەڵای هەولێر وەک میراتی جیهانیی مرۆڤایەتی لە یوئێن تۆمار کرا. شوێنەوارەکانی ئەو قەڵایە دەمانباتەوە بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان و سۆمەرییەکان و دەڵێن پەرەستگەی "ئەشتار" کەوتۆتە ژێر ئەو قەڵایە.

منارەی شێخ چۆڵی عەموودێکی 8 گۆشەی هەیە و بە خشت کراوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 12 و سەردەمی دەسەڵاتی سوڵتان موزەفەرەدین. ئەوەش دووهەم شوێنی گەشتیاریی بەناوبانگی هەولێرە.

هەروەهاش بازاڕی کۆنی قەیسەری کە دەکەوێتە تەنیشت قەڵای هەولێر هەموو جۆرە کەلوپەل و دیارییێکی ناوماڵی تێدایە و نرخەکانیش لەو بازاڕەدا ڕکابەری لەگەڵ یەکدی دەکەن.

محەمەد سامیر چاوساغی گەشتیارانە و دەڵێت هەزاران خێزانی عێراقی لە وەرزی هاوێن و لە جەژنە ئیسلامییەکاندا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

ناوبراو دەشڵێت چوار شەو مانەوە لە هەرێمی کوردستان بە هەموو تێچووی ئوتێل و پیاسەکردنەوە تەنها 80 دۆلاری تێدەچێت ئەوەش لە کاتێکدایە هەمان 4 ڕۆژ لە دەرەوەی عێراق نزیکەی 600 دۆلاری بۆ سەرف دەکرێت. محەمەد ئاماژە بە هۆکاری سەردانی عێراقییەکان بۆ هەرێمی کوردستانیش دەکات و دەڵێت زۆربەی خێزانە عێراقییەکان دەسەڵاتی ئەوەیان نییە بۆ لوبنان و میسر و تورکیا گەشت بکەن بەتایبەتی ئەو بناماڵانەی ژمارەی خێزانەکانیان زۆرە دەسەڵاتی دابین کردنی مەسرەفی سەردانەکەی دەرەوەی عێراقیان نیە.

کۆمپانیا گەشتیارییەکەی محەمەد سامیر هەموو هەفتەیێک ژمارەی 400 گەشتیار لە هەموو عێراقەوە دەگەیێنێتە هەرێمی کوردستان و دەشڵێت پاش ڕووخانی داعش لە مووسڵ گەشتیاریی ناخۆ لە عێراق بووژاوەتەوە.

هەرێمی کوردستان پێچەوانەی ناوچەکانی تری عێراق شوێنی گەشتیاریی زۆری لێیە و لەگەڵ ئەوەش کوێستان و چیا سەوزەکان و دەریاچە و تاڤگەکانی کوردستان بەدڵی هەموو گەشتیارێکی عێراقییە.

نادر ڕۆستایی بەرپرسێکی کەرتی گەشتیارییە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەڵێت لە ساڵی 2018دا نزیکەی 3 ملوێن گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە. هەر لە پشووە فەرمییەکانی عێراق وەک جەژنی ڕەمەزان و جەژنی قوربان نزیکەی 380 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.

ناوبراو زیادی کرد: پێدانی خزمەتگوزاریی باش و نرخی گونجاوی ئوتێلەکان و دابین کردنی شوێنی گەشتیاریی فراوان بۆ گەشتیاران لە هەرێمی کوردستان بۆتە هۆی بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری. ئێمە ئێستا سەرقاڵین بە کردنەوەی شوێنە گەشتیارییەکان لە ئاستێکی فراوانتر و گەورتەتر بۆ گەشتیاران.

ئەو بەرپرسەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی شوێنە مێژوویی و گەشتیارییەکان و هەروەها شوێنی حەوانەوە لە هەرێمی کوردستان گوتی: هەرێمی کوردستان 200 شوێنی گەشتیاری و 625 ئوتێل و 19 گوندی گەشتیاری و 360 میوانخانە لە خۆ دەگرێت.

ناوبراو ئاماژەی دۆخی نالەباری ئابووریی سەردەمی شەڕی داعش دەکات و دەڵێت ئێستا بە بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری دەتوانین داهاتەکانی هەرێمی کوردستان زیاد بکەین.

کامەران جەمیل ئوتێلدارێکی هەرێمی کوردستانە و دەڵێت تەقریبەن هەموو مشتەرییەکانی عەرەبی دانیشتوو بەغدا و باشووری عێراقن.

ناوبراو دەشڵێت ئێستا پێوەندیی نێوان کورد و عەرەب باشتر بووە و ئەوەش یەک لە هۆکارەکانی زیاتربوونی ژمارەی گەشتیارانە لە هەرێمی کوردستان.

News Code 86510

Your Comment

You are replying to: .
captcha