کوردپرێس، دهقی راگهیهندراوهکهی نێچیرڤان بارزانی، سهرۆکی ههرێمی کوردستان بڵاو دەکاتەوە:
لەم ماوەیەدا ئاژانسی هەواڵی فارس لە ئێران، لە رێگەی بەرهەمهێنانی دوو فیلمهوه لەسەر هەولێر و پێشمەرگە و شەڕی داعش، هەوڵی داوە راستییەکان بشێوێنێت و سووکایەتی بە پێشمەرگە و سەرکردایەتيی هەرێمی کوردستان بکات و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان بشارێتەوە.
هاوکارییەکانی ئێران بۆ ههرێمى کوردستان لە کاتی شەڕی داعشدا پەیوەندییەکانی نێوانمانی بەهێزتر کرد، ئەو ئاژانسە فەرمییە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەو کارەی هەوڵ دەدات زیان بە پەیوەندییەکان و دۆستایەتيی نێوانمان بگەیهنێت. ئەو کارە گیانی ئەو شەهیدانەش ناشاد دەکات کە ئەو رۆژانە پێکەوە لە یەک سەنگەردا بەرامبەر داعش شەهید بوون.
بێگومان کارێکی ئاواى پڕ لە نادروستی و پڕ لە شێواندنی راستی و منەت کردنی بەو شێوەیە، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو ئەخلاق و هەڵسوکەوتەشدا یەک ناگرێتەوە، کە فەرماندەی شەهید قاسم سلێمانى هەیبوو. بۆيه کاری بەو شێوەیە دڵسۆزی نییە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و فەرماندەی شەهید، بەڵکوو تێکدانی ئەو پەیوەندییە بەهێزەیە کە فەرماندە قاسم سلێمانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرەی پێدابوو.
پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتە سهختهکاندا بۆ خەڵک و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان و لە سەرەتای هێرشی داعشدا بۆ سەر کوردستان که بە چەک و تەقەمەنی و ژمارەیێک راوێژکار بە فەرماندەیيی فەرماندە قاسم سلێمانی، هاوکاريی پێشمەرگەیان کرد، هەمیشە جێگەی سوپاس و ڕێزە و لەکاتی خۆیدا هەرێمی کوردستان بە روونی ئەوەی راگەیاندووە. هەروەک چۆن هاوکاريی هاوپەیمانیی نێودوڵەتيی دژی داعش، بەتایبەتی هاوکاريی کاریگەر و ماوەدرێژی ئەمهریکا، هەروەها هاوکاريی وڵاتانی ئەورووپا و ناوچەکە، بە هەمان شێوە هاوکاريی حیزبە کوردستانییەکانیش لە ڕۆژانی سەرەتای هێرشی داعشدا بۆ سەر کوردستان لەبیر ناکرێن.
هاوکاری کردنی پێشمەرگە بە چەک و تەقەمەنی لەلایەن ئێران و دواتریش هاوکاريی بەرفراوانی هاوپەیمانان زۆر گرنگ بوو، چونکە بەهۆی ئەوەی رێگە نەدەدرا حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەک لە دەرەوە بکڕێت و حکوومەتی عێراقیش چەک و تەقەمەنی نەدەدایە پێشمەرگە، هێزی پێشمەرگە بە چەکی زۆر سادە، بەرامبەر دڕندەیيی داعش و چەکە پێشکەوتووەکانی وەستابووەوە.
لە کاتی هێرش و شەڕی داعشدا، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە فەرماندەیی و ئەزموونی چەندین ساڵ خەباتی پێشمەرگایەتيی سەرۆک مەسعوود بارزانی، وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لەسەر زەوی هێرشی داعشی ڕاگرت و هێزی داعشی لە ناوچەکەدا تێکشکاند، ئەوەش تێکشکاندنی هێزێکی تاریکپەرستی ئەوتۆ بوو کە هەڕەشە بوو لەسەر هەموو وڵاتانی ناوچەکە و ئازادی و ئاسایشی هەموو جیهان. هەرێمی کوردستان کە وەک هەمیشە شوێنی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان بووە، جارێکی دیکە بووەوە به پەناگەی پاراستنی ئاوارە و پهنابهران لە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاکان، ئەوەش بە هاوکاريی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان و ڕێکخراوە ناوخۆیی و جیهانییەکان، لەپێش هەمووشیانەوە لە سایەی بەرگریی بەهێزی پێشمەرگە بوو.
ئێمە ئەو دوو فیلمە بە سووکایەتی کردن بە خۆڕاگريی خەڵکی کوردستان و سەرکردایەتيی هەرێمی کوردستان دادەنێین، هەروەها بە سووکایەتی کردن بە قارەمانیيەتيی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدانی کوردستان و لە هەمان کاتدا بە سووکایەتی کردن بە بنەما و باوەڕەکانی فەرماندەی شەهید قاسم سلێمانی دادەنێین.
لە ڕاستیدا ئێمە هیچ سوودێک لە بەرهەمهێنانی فیلمی ئاستنزم و دوور لە ڕاستیی بەو شێوەیەدا نابینین، جگە لە هەوڵێک بۆ تێکدانی هاريکاريى ناوچەیی و دروست کردنی ناکۆکی لەنێوان گەلانی دۆست لە ناوچەکەدا. بۆيه لە ڕوانگەی هەبوونی پەیوەندیی دۆستانە و هاوکاريی لەمێژینە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، داوای هەڵوێستێکی گونجاو لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر ئەو دوو فیلمە دەکەین کە بووەتە هۆی بریندار کردنی هەستی گەلی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2021/1/26
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment