بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لەماوەی ڕابردوو هەوڵی باش دراوە بۆ باشتر کردنی کەرتی وزە و ژێرخانی ئابووری لە عێراق و بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان. لەو کاتەی هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان خێرا دەکران، دەستی خراپەکاری و تێکدەرانە جارێکی دیکە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی غازی کۆرمۆرییان کردە ئامانج کە بەداخەوە تا ئێستا چوار کارمەندی یەمەنی گیانیان لەدەست داوە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، زیانێکی زۆر بەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کەوتووە و کە ئەم زیانەش کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبونەوەی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو.
پێشەوا هەورامانی باسی لەوەشکردوە، ئەم هێرشە دوبارانە پێویستە ڕابگیرێن و داوای هەماهەنگی و هاوکاری بەپەلە دەکەن لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەم کارە تیرۆریستییە بدۆزرێنەوەو ڕادەستی یاسا بکرێن و ڕێگری یەکجاری بکرێت لە دوبارەبونەوەی ئەم کارانە.
شایانی باسە ئێوارەی ڕۆژی هەینی ۲۶ی ۴ی ۲۰۲۴ لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناحیەی قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ و بەهۆیەوە ۴ کەس گیانیان لەدەستدا و ۲ کەسی دیکە بریندار بوون.
Your Comment