وه‌فدێکی HDP چاوی به‌ قلیچدارئۆغڵۆ که‌وت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌فدێکی سه‌رکردایه‌تیی پارتی دیموکراتی گه‌لان له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی پارتی کۆماریخوازی گه‌لی تورکیا کۆ بوونه‌وه‌ و له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر دوورخستنه‌وه‌ی سێ شاره‌وانه‌ کورده‌که‌ی تورکیا کرا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، وه‌فدێکی سه‌رکردایه‌تیی پارتی دیموکراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) له‌ شاری ئه‌سته‌نبۆڵ سه‌ردانی باره‌گای سه‌ره‌کیی پارتی کۆماریخوازی گه‌لی تورکیایان کرد که‌ پێکهاتبوون له‌ سه‌زایی ته‌مه‌لی هاوسه‌رۆکی هه‌ده‌په‌، میتهات سه‌نجار سه‌رۆکی فراکسیۆنی هه‌ده‌په‌ و عه‌لی جان ئۆنلۆ جێگری حیزبی هه‌ده‌په‌، هاوکات وه‌فده‌که‌ی جه‌هه‌په‌ش پێکهاتبوون له‌ که‌مال قلیچدارئۆغڵۆ سه‌رۆکی ئه‌و پارته‌، عه‌نگین ئۆزقۆچ سه‌رۆکی فراکسیۆنی جه‌هه‌په‌ له‌ په‌رله‌مان و ئۆغۆز خان سالیچی جێگر و فائق ئۆزتورک وته‌بێژی جه‌هه‌په‌.

دوای دیداره‌که‌ هه‌ده‌په‌ له‌ به‌یاننامه‌یێکدا ڕای‌گه‌یاند: له‌ دیداره‌که‌دا هه‌ندێک بابه‌تی جۆراوجۆر گفتوگۆیان له‌سه‌ر کرا له‌وان کووده‌تای ئه‌مدواییه‌ی حکوومه‌تی تورکیا دژی شاره‌وانییه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌کان، ده‌ستووری نوێی تورکیا و چاکسازییه‌کانی ده‌زگای داد.

له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا وه‌فدی جه‌هه‌په‌ پشتیوانیی خۆی بۆ هه‌ده‌په‌ ده‌ربڕی له‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی هه‌ر سێ شاره‌وانییه‌که‌ی هه‌ده‌په‌ له‌ (ئامه‌د و وان و ماردین) و ڕێکاره‌کانی حکوومه‌تی ئه‌نقه‌ره‌یان به‌ ڕێکاركی سیاسی و دژه‌دیموکراسی ناو برد و جه‌ختیان له ‌کاری هاوبه‌ش و پشتیوانیی یه‌کدی کرده‌وه‌ له‌ قۆناغی داهاتوودا بۆ پاراستنی به‌ها دیموکراسییه‌کانی تورکیا له‌گه‌ڵ کارکردنی پێکه‌وه‌ییان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی کێشه‌کانی تورکیا له ‌ئاینده‌دا.

به‌ دوای دیداره‌که‌ش وته‌بێژی جه‌هه‌په‌ش له‌ کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕای‌گه‌یاند: کۆشکی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری تورکیا ئیراده‌ی گه‌ل له‌به‌رچاو ناگرێت و عیبره‌تی له‌ ڕۆژی 23ی جوون وه‌رنه‌گرتووه‌. به‌ ته‌واوه‌تی ڕوون و ئاشکرایه‌ که‌ پێش له‌ ده‌رکردنی حوکمی دوورخستنه‌وه‌ی شاره‌وانییه‌ کورده‌کان پڕۆسه‌ی دیاری‌کردنی قه‌یووم ده‌ستی پێکردبوو. ئه‌گه‌ر بڕیار بوو له‌ پۆستی سه‌رۆک شاره‌وانی لایان به‌رن بۆچی ڕێگه‌تان به‌ به‌شدارییان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان دا؟ ئه‌وه‌ بڕیارێکی نایاساییه‌ و به‌ ته‌واوه‌تی بڕیارێکی سیاسی دێته‌ ئه‌ژمار.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی دیوار

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 85946

Your Comment

You are replying to: .
captcha