«هۆشەنگ دەروێش» نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانی وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان و ئەگەری هێرشی تورکیا بۆسەر کورد لە سووریا و شەنگال وتی: تورکیا مەترسیێکی گەورەیە بۆ سەر کورد هەم لە عێراق و هەم لە سووریا.
ناوبراو درێژەی دا: تورکیا هەرکات دەرفەتێک بۆ هێرش کردنە سەر کورد دەستی بکەوێت هێرشێک دەکات و پێچەوانەی ئەمەش نەبووە.
هۆشەنگ دەروێش وتیشی ئەمەش ڕاستیێکە کە سەردانی ئەمدواییەی خولوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ هەولێر و بەغدا پیلانگێڕیێک بوو بۆ هێرش کردنە سەر کوردەکان. تورکیا هەم دەیهەوێت هێرش بکاتە سەر قەندیل و هەم بەنیازە کوردستانی سووریا گەمارۆ بدات.
ناوبراو وتیشی: وەزیری بەرگریی تورکیا لەسەردانەکەیدا بۆ بەغدا و هەولێر و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا بەدوای شەرعیەت بەخشین بەهێرشەکانی خۆیدا بوو بۆسەر کوردستانی عێراق و سووریا کە تا ئەمڕۆ هەزاران قوربانیی لێکەوتۆتەوە.
نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشە زارەکییەکانی ئەردۆغان دژ بە شەنگال وەبیری هێنایەوە: ئەردۆغان لە هەر شوێنێکدا بۆی بکرێت هێرش دەکات و نموونەکانی ئەم چەند ساڵەش شاهیدی ئەم وتەیەن. ئەردۆغان بەدوا لەشکەرکێشێکی تردایە لە ئایندەدا.
هۆشەنگ دەروێش وتیشی: ئەردۆغان نەک هەر دەیویست گرێ سپی و سەرۆ کانی داگیر بکات بەڵکوو بەنیاز بوو دەست بەسەر هەموو کوردستانی سووریادا بگرێت بەڵام سەرنەکەوت.
ناوبراو جەختی کردەوە: بێ گومان لەنوێان ئەنقەرە و بەغدا و هەولێردا لەبارەی پرسە ئەمنییەکان گفتوگۆ کراوە و ڕەنگە تورکیا گڵۆپی سەوزی هەر دوو لایەنەکەی بۆ هەڵکراوە کە ئەمڕۆ ئەردهغان باس لە هێرش کردنە سەر شەنگال دەکات.
نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند: تا ئەو کاتەی عەقڵیەتی دەسەڵاتدارانی تورکیا لەبارەی کورد نەگۆڕدرێت هێرشەکانیان دژ بە کورد درێژەی هەیە.
ناوبراو وتیشی: ئەردۆغان تەنها چاوی بە کوردستانی سووریا و هەرێمی کوردستان نییە بەڵکوو دەیەوێت ویلایەتی مووسڵ و نەوتی کەرکووک کونترۆڵ بکات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment