بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق لە وەڵامی پرسیارەکانی تۆڕی میدیاییی رووداو لە بارەی ئەنجام­دانی گشتپرسی لە کەرکووک و هەڵوێستی ئێران دەڵێت:
خەڵکی ئەم وڵاتە خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاریی دەکەن، ئەوەی روونە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ یاسا و یەکگرتوویی و یەکڕیزی عێراقە و هەر رێککەوتنێک لە نێوان هەولێر و بەغدا بکرێت پشتیوانی لێدەکەین.
- سەبارەت بە جەژنی قوربان چ پەیامێکتان بۆ گەلی عێراق هەیە؟
ئیرەج مەسجدی: بەبۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی بەڕێزی عێراق دەکەم، هیواخوازم هەمیشە شاد و سەرکەوتوو بن، هەروەها بۆ ئەو حاجییە بەڕێزانە ئەمڕۆ دەبنە حاجی و سەردانی مەککەیان کردووە، هیوادارم تەندروست بن و پەنا بەخوا بتوانن بۆ وڵاتی خۆیان بگەڕێنەوە. هیواخوازم خەڵکی بەڕێزی عێراق کە دۆست و برای کۆماری ئیسلامیی ئێرانن، هەمیشە شاد و تەندروست بن، لە بەڵای داعش و تیرۆر رزگاریان بێت، ئاسایش باڵ بەسەر ئەم وڵاتەدا بکێشێ، ئاوەدان کردنەوەی عێراق دەست پێ بکاتەوە و خەڵک بۆ شوێنی ژیانی خۆیان بگەڕێنەوە.
- داهاتووی عێراق چۆن دەبینن؟
مەسجدی: هیواخوازم داهاتووی عێراق باشتر بێت، گەشانەوە و پەرەسەندن و بەختەوەری روو لەم وڵاتە بکات، کۆماری ئیسلامیش هەر هاوکارییێک کە عێراق پێویستی بێت، دەیکات.
- سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان حیزبوڵڵا و داعش کە ئێستا هاتوونەتە سنوورەکانی عێراق و سووریا، بەرپرسانی عێراقی ئەمە وەک مەترسییێک بۆ ئەم وڵاتە دەبینن؟
مەسجدی: هێزە تیرۆریستییەکان لە سووریا و هەروەها داعشیش کێشەیان بۆ ئەم وڵاتانە دروست کردووە، هەر دوو وڵات هەوڵدەدەن نیشتمانی خۆیان لە تیرۆریستان پاک بکەنەوە. ئێوە دەزانن پەیوەندیی هەیە و دوو وڵات گرێدراوی یەکدین، دەبێت هەر دوو وڵات هەوڵ­بدەن داعش لە ناوچەکانی خۆیان پاک بکەنەوە، هەم سوورییەکان و هەم عێراقییەکان دەیانەوێ ئەمن و ئاسایش بە تەواوەتی جێگیر ببێت و کۆماری ئیسلامیش هەر وەک خەڵکی بەڕێزی عێراق ئاگایان لێیە ، لە هەر دوو وڵاتدا هاوکاریی دەکات. کەوابوو ئەم بابەتانە کاریگەرییێکی ئەوتۆی لە سەر پرسە سەرەکییەکە نییە، گرنگ ئەوەیە کە هەموو هەوڵ­بدەن بۆ لە نێوبردنی تیرۆریستەکان، هەوڵێکی کاریگەر و گەورە هەبێت لەو بارەوە .
- سەبارەت بە کەرکووک هیچ پەیامێکتان هەیە؟
مەسجدی: جیاوازی نییە، پەیامی ئێمە بۆ هەموو خەڵکی بەڕێزە لە کەرکووک، هەرێم، بەسرە، بەغداد ، هەر هەموو شیعە و سوننەش.
- ئێستا لە کەرکووک، پارێزگاری کەرکووک دەیەوێ هاوکات لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەوێش گشتپرسی بەڕێوە بچێ، ئێوە چی دەڵێن؟
مەسجدی: خەڵکی ئەم نیشتمانە ، هەر کەس چارەنووسی خۆی دیاری دەکات، روونە، کۆماری ئیسلامی پشتیوانی لە یاسای عێراق، لە یەکێتی و یەکڕیزی و هەر رێککەوتنێک دەکات لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ئەنجام بدرێ. جیاوازیی بۆ ئێمە نییە، خەڵکی کەرکووک، خەڵکی بەسرە، هەولێر، مووسڵ هەموو برای بەڕێزی ئێمەن، موسڵمانن.
- چ پەیامێکت بۆ کورد هەیە لە عێراق؟
مەسجدی: کوردی عێراق بە درێژاییی مێژوو لە باشترین دۆستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوون. ئێمە سڵاومان هەیە بۆ کورد و جەژنی قوربانیان لێ پیرۆز دەکەین و هیوادارم هەموویان تەندروست و سەرکەوتوو بن.
- ئەگەر دەنگ بۆ سەربەخۆیی کوردستان بدەن، پشتیوانی کورد دەکەن؟
مەسجدی: پەنا بەخوا سەرکەوتووبن.
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment