بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کەریم شکور، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاندووە: بڕیارەکەی دوێنێی دادگای فیدڕاڵی بەهۆی ئەوەی بنبڕە و دەرفەتی تانەلێدانی تێدا نییە، جۆرێک لە نائارامی لە دۆخی سیاسی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دروست دەکات، بەتایبەت کە لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت لەسەر ئەوە رێککەوتون کە هیچ بڕیارێک دەرنەچێت کە نائارامی لێبکەوێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارەکە لەڕوی داراییەوە زیانی زۆری بۆ هەرێمی کوردستانیش هەیە چونکە رێگری دەکات لەوەی هەر پارەیەک لەدەرەوەی یاسای بودجە بۆ هەولێر بنێرێت، ئەوەش "ئیحراجییەکی زۆر" بۆ هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دروست دەکات کە بەڵێنیاندابو پارە بۆ کوردستان بنێرێن.
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی باوەڕی وایە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ رێککەوتن لەدەرەوەی یاسای بودجە لەنێوان هەولێر و بەغدا ئاسان نابێت و بڕیارەکەش لەداهاتودا کاریگەرییەکانی زیاتر دەردەکەوێت، لەم بارەیەوە وتی، ئەگەر یاسای بودجەش پەسەند بکرێت مەترسی هەیە حکومەتی فیدڕاڵ نەتوانێت هیچ پارەیەک بۆ هەرێم بنێرێت تا یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی دیکە، بەوهۆیەش هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە پێکهێنەری حکومەتە ناتوانێت بەشێک لەو خاڵانە جێبەجێ بکات کە لەکارنامەی حکومەتدا جێگیر کراون.
Your Comment