بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن ئه‌ندامى پێشووى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى که له دواى ڕووداوه‌کانى 8ى ته‌مموزه‌وه به بڕیارى بافڵ تاڵه‌بانى دوورخرایه‌وه، له نووسینێکدا له فه‌یسبووکى خۆى نووسیویه‌تى: "زۆر ناچمەوە قووڵایی مێژوو بۆ سەرهەڵدانی جووڵانەوەی چەکداریی لە کوردستانی عێراق و ناونانی ئەو هێزە چەکدارە بەناوی پێشمەرگە، تەنها لەسەر ئەو هێزەی ئێستا دەوەستم کە ناوی هێزی پێشمەرگەیە و وەزارەتێکی بەو ناوە هەیە".
ناوبراو ده‌شڵێت: "ئەو هێزە لەوانەیە بەبیست جۆرە پەیکەر و پێکهاتە ڕێکخرابێ، بوودجەیەکی ئەستووری ئەم وڵاتە هەڵدەلوشێ، بەبێ ئەوەی شێوە و ئەرکی هێزێکى نیشتمانی وەرگرتبێ، چوونکە ئەگەر هێزێکی نیشتمانیە، دەبێ بەرگری لە سنووری وڵات بکات و هەموو هاوڵاتیەک وەک یەک بپارێزی".
به‌بۆچوونى شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن، "ئەم هێزە شەڕی ئێران و تورکیا و عێراقی پێناکرێ، چوونکە ئەگەر پێی بکرێ، یەکجار سەری هەڵدەبڕی و دەیگوت قبووڵ ناکەم ئەو هەموو ڕۆکێت و فڕۆکەیه‌ى ئێوە هەرێمەکەمان تەیی بکات".
له به‌شێکى دیکه‌ى نووسینه‌که‌یدا له‌سه‌ر پێشمه‌رگه باسى له‌وه‌ش کردوه، "بۆشەڕی داعش‌یش ئەگەر فڕۆکەی هاوپەیمانان نەبوایە، بەخوای باوەڕ ناکەم دۆخەکە وەک خۆی بمابایە، بۆیە بەهێنانەوەی ئەم چەند بەڵگەیە هێزێکی نیشتمانی نییە".
سه‌رکردایه‌تیه‌که‌ى پێشووى یه‌کێتى ئاماژه‌ى به‌وه‌ش کردووه، "بەڵگە ڕوونەکانیش ئەوەیە بەڕوون و ئاشکرا ئەم هێزە چەکدارە ژمارە زۆرە هی دوو حزبە، ئەوانیش بۆ چەندین یەکەی کەسی دابەشیان کردووە، ئەرکیان پاسەوانی کردنی سەروەت و سامانی مەسئول و خانەوادەکانیانە".
له کۆتاییدا شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن وتوویه‌تى: "لەدڵەوە ڕقم لە پێشمەرگە سادە و ماندووەکان نییە، بەڵام ڕەخنە و سەرکۆنەی زۆرم بۆ ئەوانەیە کەوا ئەم هێزەیان وا لێکردووە و کردویانە بە داردەستی خۆیان بۆ هەڵلوشینی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە".
Your Comment