بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەش دا، لەم کابینەیەدا کۆی داهاتی هەرێم سەرووی ٤٠ ملیار دۆلار بووە و تەنها ١٧ ملیار و ٩٨٠ دۆلاری بۆ مووچە خەرج کراوە و ٢٢ ملیار دۆلاری دیار نییە و قەرزی سەر هەرێمیش زیادی کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، لەم کابینەیەدا حەوت مووچەی تەواوی مووچەخۆران نەدراوە و هیچ پڕۆژەیەکی ستراتیجی نەکراوە، تەنانەت شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی و رێگای کەلار سلێمانی و تونێلی دەربەندیخان و چەندان پرۆژەی تر بە جێبەجێ نەکراوەی ماوەتەوە.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، لە کابینەی ٩ی حکوومەتدا بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین و نان و لێبڕینی مووچە و گرانی بازاڕ و گرانبوونی نرخی نەوت و گرنبوونی نرخی کارەبای مۆلیدە دەستکەوتە دیارەکانیانن.
شاسوار عەبدولواحید راشیگەیاند، "لە کابینەی ٩دا رێژەی جێبەجێ کردنی بەڵێنەکان ٠٪ دایە و و بازاڕ بە تەواوی تووشی خەلەل بووە و باجێکی زۆر لە کارتی تایبەت وەردەگرن و رێژەی بێکاریان بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن گەنج زیاد کردووە. ئەم کابینەیە وەک کابینەکانی پێش خۆی هیچ بودجەیەکی نەناردووەتە پەرلەمان و هیچ کەسێک نازانێت داهات و خەرجییەکانی هەرێم چەندە."
لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ وتیشی، هەر لەم کابینەیەدا ئازادی تاکەکەس تەسکتر بووەتەوە و گیراوانی بادینانیش نموونەیەکی باشی کەمی ئازادییە لەم کابینەیەدا.
Your Comment