بەمەرجی چارەسەری پرسی کورد، وەکوو هەدەپە داوامان لە ئاکەپە کردبوو بچینە ناو حکوومەتی هاوپەیمانییەوە

بەشی تورکیا- عوسمان بایدەمیر ئەندام پەرلەمانی پێشووی هەدەپە، ئاشکرای دەکات ئەوان وەکوو هەدەپە داوایان لە ئاکەپە کردبوو بچنە ناو حکوومەتی هاوپەیمانییەوە، بەو مەرجەی پرسی چارەسەری بەردەوامی هەبێت، بەڵام داواکەیان رەت کراوەتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عوسمان بایدەمیر کە سیاسییەکی بەناوبانگی کوردستانی تورکیایە و لە هەمانکاتدا ئەندام پەرلەمانی تورکیایە، دوای ٥ ساڵ لە هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥ لە دیمانەیێکدا بۆ ئاژانسی دیکەن-ی تورکی، چەندین پرسی گرنگی وروژاندووە.

بایدەمیر ئاماژەی بەوە داوە گرنگترین قۆناغی کۆماری تورکیا بوونی پرسی چارەسەری بوو، چوونکە بۆ یەکەمجار بوو کورد زەمینەی بۆ رەخسا تا بەبێ شەڕ و بە شێوەیێکی ئینسانی و لەڕێگەی دیالۆگەوە کێشەکانیان چارەسەر بکرێت.

عوسمان بایدەمیر دەڵێت: "هەدەپە لەو سەردەمەدا لەدایک بوو، چوونکە کاتێک بەربەستی هەڵبژاردنی شکاند سەردەمی کۆتایی هاتنی شەڕ بوو و ئەمەش وای کرد کەشوهەوایێکی باش بخولقێت.

بایدەمیر هەموو ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە، کە دەڵێن هەدەپە و سەلاحەدین دەمیرتاش بەتەواوی رەتیان کردبووەوە لە دوای هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیران بچنە ناو حکوومەتی هاوپەیمانییەوە لەگەڵ ئاکەپەدا.

بۆیە لەو ڕووەوە گوتی: "ئێمە وەکوو هەدەپە کۆ بووینەوە کە دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و پەروین بوڵدان و چەند ئەندام پەرلەمانێکی تر بوو، بڕیارمان دا نوێنەرێکی خۆمان بنێرینە لای ئەردۆغان و جەلال دۆغانمان هەڵبژارد.

ناوبراو درێژەی دا ئێمە بۆ ئەوەی پرۆسەی پرسی چارەسەری کۆتایی پێ نەیەت ئەو هەنگاوەمان نا و لەڕێگەی دۆغانەوە بە ئەردۆغانمان گوت، لەگەڵ جەهەپە حکوومەت پێک بهێنن ئێمە پاڵپشتین، ئەگەر ئەوەش ناکەن حکوومەتی کەمینە پێک بهێنن ئێمە پاڵپشتین تەنیا شەڕ روو نەدات و پرسی چارەسەری درێژەی هەبێت.

بایدەمیر ئاشکراشی کرد: هەروەها گوتمان وەکوو هەدەپە ئەگەر ئەو دوو رێگەیە رەت دەکەنەوە، ئێمە وەکوو هەدەپە ئامادەین حکوومەتی هاوپەیمانیتان لەگەڵ پێک بهێنین، تەنیا ئێوە پرسی چارەسەری درێژە پێ بدەن. ئاشکراشە ئەو وەڵامەی وەرمانگرتەوە ئێستای تورکیایە".

شایانی باسە عوسمان بایدەمیر، بەهۆی ئەوەی سزای زیندانی کردنی لە دادگای تورکیا بۆ بڕاوەتەوە بەو تۆمەتەی بە نهێنی کاری بۆ پەکەکە کردووە، بۆیە ئەویش بە یەکجاری تورکیای بەجێ هێشت و لە بەریتانیا نیشتەجێیە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 69

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha