دەیان تۆڕ لە بەغداد و ژمارەیێک پارێزگاکانی دیکەی عێراق بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- روانگەی عێراق بۆ قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ رایگەیاند، ''لە نێوان یەکی شوباتی رابردوو تا یەکی ئەم مانگە ئەوەمان بەبەڵگە کردووە کە ٢٧ تۆڕ لە بەغدا و ژمارەیێک لە پارێزگاکانی دیکە بازرگانییان بە ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤەوە کردووە، ھەروەھا ژمارەیێک ئافرەتشیان بە زۆر خستووەتە ناو تۆرەکانی لەشفرۆشییەوە''.

کوردپرێس:

بە گوێرەی راپۆرتەکە ئەو زانیارییانەی کە روانگەی عێراق بۆ قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە سەرچاوە باوەڕ پێکراوەکانی لە چەند پارێزگاکایە دەستی کەوتووە، دەرکەوتووە کە زۆربەی ئەو تۆڕانەی کە بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن ھەرێمی کوردستانی عێراق وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ ئەنجامدانی تاوانەکانیان بەکار دەھێنن.

شایەنی باسە روانگەی عێراق بۆ قوربانیانی بازرگانی بە مرۆڤ وتوویەتی، ''بوونی حەوت تۆڕی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە پارێزگای سلێمانی-مان بە بەڵگەکردووە کە لە رێگەی دەڵاڵەکانیانەوە قوربانییەکان دەخەنە داوی خۆیانەوە، جگە لەوەش ئەو تۆڕانە ھەندێک ھەژماری ساختە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەڕێوەدەبن''.

هاوکات لە راپۆرتەکەدا ھاتووە، ''ھەروەھا ئەوەشمان بە بەڵگەکردووە، نۆ تۆڕی دیکە کە پەیوەندییان بە یەکەوە ھەیە، ھەرزەکار و منداڵە ئاوارەکان لە پارێزگاکانی ھەولێر، دھۆک و کەرکووک فریو دەدەن و بەزۆر ئەندامەکانی لەشیان لێدەستێنن و دواتر بە پارەیێکی زۆر دەیانفرۆشن''.

هەروەها ھەر بەپێی راپۆرتەکە، ئەوەش بە بەڵگە کراوە کە پێنج تۆڕی دیکە لە بەغدا بازرگانی بە لەشفرۆشی ئافرەتەوە دەکەن و کچان و ئافرەتان بە زۆر ناچار دەکەن کاری لەشفرۆشی بکەن.

جێگای ئاماژەیە ھەر لە راپۆرتەکەدا روانگەی عێراق بۆ قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئەوەشی بە بەڵگەکردووە، سێ تۆڕی دیکە سەرپەرشتی ژمارەیەک منداڵ و ئافرەت دەکەن کە لە شەقامەکانی پارێزگای کەرکووک بۆ دەرۆزەکردن بەکاریان دەھێنن، ئەمە جگە لەوەی دوو تۆڕی دیکە کە لە ھەردوو پارێزگای دیوانییە و بابل ھەمان ئەو کارە دەکەن.

لە ٢٠١٧ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بەم پرسە یاسایێکی دەرکرد کە یەکێک لە خاڵەکانی ئاماژە بەوە دەکات ھەر کەسێک بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لەسەری ساغ ببێتەوە پێویستە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەردەکرێت.

*لە ئاوێنە وەرگیراوە

News Code 65397

Your Comment

You are replying to: .
captcha