بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر جموجۆڵی گەریلاكانی پەكەكە لەناوچە سنوورییەكانی هەرێم هاتەدەنگ و پەیامێک بڵاودەكاتەوە لەبارەی ئەگەری بەرپەرچدانەوەیان لەلایەن هێزی پێشمەرگەشەوە، سەركردایەتیێكی ئەو حزبەش ڕایدەگەیێنێت: "ئێمە پێویستمان بەشۆڕشی پەكەكە نییە و لەخزمەت پاراستنی بەرژەوەندی باڵاكانی خۆمان دەبین".
نوری حەمەعەلی ئەندامی سەركردایەتی پارتی بەSNNی ڕاگەیاندووە: "بیانوودان بەدەستێوەردانی توركیا و شەهیدكردنی هاوڵاتییێكی زۆر و سووتاندنی ڕەز و باخەكانیان لەلایەن پەكەكەوە، زەرەرێكی گەورەیە لەنەتەوەی كورد و پێویستە ڕەچاوی دۆخی هەرێمی كوردستان بكەن".
ئەو سەركردایەتیەی پارتی داوادەكات "پەكەكە بچێتەوە چیاكانی كوردستانی تورکیا و خەبات و شۆڕش لەوێ بكەن، دەشڵێت:"با چیتر بیانوو نەدەنە دەست توركیا بۆ كوشتنی هاوڵاتیانی بێتاوان، ئێمە خاوەن خەبات و شۆڕشی خۆمانین و پێویستمان بەگواستنەوەی شۆڕشی ئەوان نییە بۆ خاكی هەرێم".
نوری حەمەعەلی سەرسوڕمانی خۆیشی لەدروست كردنی شەڕ و پێكدادان لەناوچە سنورییەكانی هەرێم دەردەبڕێت و دەڵێت: "نازانین بەچ پێوەرێک ئەوكارە دەكەن، ئەگەر پەكەكە عێراق بەدوژمن دەزانن هێزەكانیان لەشنگال و مەخموور و كەركووک هەیە، لەگەڵ سووریاش بەهەمانشێوەن، بۆچی شەڕ بەمیللەتی ئێمە دەفرۆشن".
سەبارەت بە بەرپەرچدانەوەی پەكەكە لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە، نوری حەمە عەلی ئاشكرای كرد: "ئێمە پێشمەرگەین و حكوومەت دەبێت بڕیار بدات و ناتوانین بەناوی حكوومەتەوە قسە بكەین، پابەندین بەیاسای حكوومەت و سەرۆكایەتی هەرێمەوە، هەر فەرمانێكیشمان پێبكەن ئێمە لە خزمەتی سیاسەت و پاراستنی بەرژەوەندیی هەرێمدا دەبین".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment