کوردپرێس:
سامان ئەحمەدی جێگری سەرۆکی دایرەی ڕۆشنبیریی شاری سنە لە ڕێوڕەسمێکی کۆلیژی تەکنیکیی کچانی سنەدا ڕایگەیاند مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ یەکەم فستیڤاڵ و پێشانگای مۆدیل و جلوبەرگی کوردی لە شاری سنە بەڕێوە دەچێت و لەو پێشانگایەشدا پسپۆڕان لە سەر تەوەری فەرهەنگی مۆدیل و جلوبەرگی کوردی وتار پێشکەش دەکەن.
ناوبراو گوتیشی: فستیڤاڵەکە لە سەر ئەرکی دایرەی ڕۆشنبیریی پارێزگای کوردستان و بنکەی فەرهەنگیی مەستوورە ئەردەڵان و بە هاوکاریی ڕێکخراوی نیشتمانیی مۆدیل و جلوبەرگی ئێرانی و ئیسلامی بەڕێوە دەچێت و ئامانجی پێشانگاکەش پاراستنی فەرهەنگی پۆشینی جلوبەرگی کوردی و بەرزکردنەوەی ناسنامەی نیشتمانی و برەوپێدانی جلوبەرگی ئێرانی و ئیسلامییە.
جێگری بەڕێوەبەری دایرەی ڕۆشنبیریی سنە زیادیشی کرد بانگهێشتنامەی بەشداری کردن بۆ پێنج پارێزگای کوردستان و ئیلام و کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و خوراسانی باکوور نێردراوە و کێبەرکێی فستیڤاڵەکەش لە چەند بەشی دروومان و دیزاینی قوماش و دیزانی جل و بەشی مۆدیلدا بەڕێوە دەچێت.
ناوبراو ئاماژەی بە کاتی بەڕێوە چوون و دەرفەتی ناردنی بەرهەمەکانیش کرد و ڕایگەیاند: بەشداربووان دەتوانن تا 20ی پووشپەڕ (10ی تەمووزی 2019) بەرهەمەکانیان بۆ ئەو فستیڤاڵە بنێرن و ئەنجامی داوەرییەکانیش تا 30ی پووشپەڕ ڕادەگەیێندرێت و پێشانگاکەش لە ڕۆژی 5 بۆ 10ی مانگی گەلاوێژەوە لە عیمارەتی خەسراوا و هۆڵی فەرهەنگی و هونەریی فەجری شاری سنە بەڕێوە دەچێت.
Your Comment