بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەم بورهان قانع، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ بە خەندان-ی راگەیاندووە: پێشتر هەریەکە لە سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی حکوومەت و وتەبێژی حکوومەت و چەندین پەرلەمانتاری سەر بە حزبە بەشدارەکانی حکوومەت لە پەرلەمانی کوردستان و عێراق، باسیان لەوە کردووە کە هەرێم هیچ پاساوێکی بۆ بەغدا نەهێشتوەتەوە؛ کە لە یاسای بوودجەی عێراق دا بۆ ساڵی 2021، ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم پەسەند نەکەن، بەڵام دەبێت ئەم ئەگەرەیش لەبەرچاو بگیرێت، کە رادەست نەکردنی نەوت لە سەرەتای ساڵی 2021وە بە بەغدا، ئەم پاساوە وەکوو ئەگەرێکی بەهێز دەهێڵێتەوە، کە پەرلەمانی عێراق شایستە داراییەکانی هەرێم نەدات.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەش کرد، "ئەگەر دەمانەوێت لە چوارچێوەی عێراق دا بمێنینەوە و کێشەکانمان لەگەڵ بەغدادا چارەسەربکەین و چیتر سەرکێشیی بە ژیان و گوزەران و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە نەکەین، فەرموون بە کردار نیەتباشیی نیشان بدەن و لەرێی کۆمپانیای سۆمۆوە و لە ئەمڕۆوە، رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکەن، وەک چۆن بەرێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆیش ئاشکرای کردوە، داوایان لە هەرێم کردووە بڕی دیاریکراوی نەوت بۆ هەناردەکردن لە رێی کۆمپانیاکەیانەوە رادەست بکات، بەڵام تائێستا هەرێم هیچ بڕێکی رادەست نەکردووە".
مەم بورهان قانع باسی لەوەش کرد، نییەتباشیی بە کردار دەبێت، نەک بە لێدوانی رۆژنامەنووسی و حکوومەتی هەرێم رێگای رێکەوتنی لەگەڵ بەغدا بەدەستەوە ماوە و خەڵکی کوردستانیش هیچ رێگایێکی دیکەیان لێ قبووڵ ناکات، کە ببێتە هۆی دەستبردن بۆ ژیان و مووچەکانیان.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment