بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەد سدیق خۆشناو بە پێگەى فەرمیى حزبەکەى راگەیاند: ''پێم وایە ئەم جارە لە عێراق ھاوپەیمانیی نوێ پێک دێت، بەتایبەتی چوارچێوەی ھەماھەنگی، ئەگەر ھاوپەیمانیی نوێ دروست بێت، ئەوکات دەتوانن حکوومەت پێک بێنن".
ناوبراو وتیشى: "ئەگەر ھەر ھاوپەیمانییەک دروست بکرێت و بە مەرجەکانی ئێمە، وەک پارتی دیموکراتی کوردستان ڕازی بن، ئەوە دەچینە ناو ئەو ھاوپەیمانییە، پێشتریش پارتی مەرجی ھەبووە".
پەرلەمانتارەکەى پارتى باسى لەوەش کرد، تاکە چارەسەر، گەیشتنە بە ڕێککەوتن، چوونکە بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردن کاریگەریی نابێت و بۆ ڕەوشی ئێستای عێراق چارەسەر نییە و ئەگەرێکی دوورە.
محەمەد سدیق خۆشناو ڕاشیگەیاند: "حکوومەتی نوێ بەبێ سەدر کارێکی زەحمەتە، چوونکە ئەگەر سەدر ببێتە ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی، ئەوکات دژی حکوومەت شەقام دەجووڵێنێت، لەبەر ئەوەی لەنێو پەرلەماندا نەماوە، دەبێتە ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی و شەقامی بەدەستەوە دەبێت".
Your Comment