لێپرسراوی دەزگای زانیاری دوای زیاتر لە مانگێک لە دەستبەکار بوونی، بە فەرمی ناسێندرا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دوای زیاتر لە مانگ و نیوێک لە دەستبەکاربوونی، بافڵ تاڵەبانی بە فەرمی جەلال شێخ ناجی-ی وەکوو لێپرسراوی دەزگای زانیاری ناساند.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بافڵ تاڵەبانی لە راگەیاندنی ھەواڵی ئەم سەردانەیدا لە پەیجی خۆی لە فەیسبووک؛ بۆ یەکەمجار جەلال شێخ ناجی-ی وەکوو لێپرسراوی ئاژانسی پاراستن و زانیاری-زانیاریی ھەرێمی کوردستان ناساندووە.

رۆژی ١٠ ئازاری ئەمساڵ لە مەراسیمێکدا دوور لە چاوی کامێراکان، جەلال شێخ ناجی وەکوو بەرپرسی دەزگای زانیاری لە شوێنی ئەژی ئەمین دەستبەکاربوو، میدیای یەکێتی ھەواڵی گۆڕانکارییەکەی دەزگای زانیاری بڵاو نەکردەوە.

شەوی ٩ی ئازاری ئەمساڵ دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، ئەژی ئەمین لێپرسراوی پێشووی دەزگای زانیاری، سلێمانی بەرەو ھەولێر بەجێھێشت و لەوکاتەوە نەگەڕاوەتەوە.

ئەژی ئەمین کە لەدوای رووداوەکانی ٨ی تەموزی ناوخۆی یەکێتییەوە بەرپرسیارێی دەزگای زانیاری وەرگرت، لەدوای دوورخستنەوەی لە دەزگاکە لە دوو بۆنەی گشتیدا راگەیەندراوی بڵاو کردەوەتەوە و باسی لە دەستوەردانی وڵاتان کردووە لە کاروباری ناوخۆی ھەرێم، بەڵام تائێستا ھیچ قسەیەکی لەبارەی دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی نەکردووە.

جەلال شێخ ناجی لێپرسراوی نوێی دەزگای زانیاری ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیە و پێشتر بەرپرسی ھەواڵگری ھێزەکانی ٧٠بووە و ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانە.

بافڵ تاڵەبانی لەسەردانەکەیدا بۆ لای ھێزەکانی ٧٠ بە ئامادەبوونی وەزیری پێشمەرگە وتوویەتی "رێگا بە ھیچ کەسێک نادەین ھێزی تایبەتی ھەبێت و بەھەموو شێوەیەک دژی دەوەستینەوە".

یەکێک لە ھۆکارەکانی تێکچوونی پەیوەندی بافڵ تاڵەبانی و ئەژی ئەمین لێپرسراوی پێشووی دەزگای زانیاری، دروستکردنی ھێزێکی تایبەت بوو لەلایەن ئەژی ئەمینەوە.

News Code 5837

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha