بەپێی هەواڵی کوردپرێس، یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوە کردوە، سوپای عێراق کۆتاییهاتنی دەوڵەتی بەناو دیجلەی داعش لە باشووری مووسڵ رادەگەیەنێت و بەهۆیەوەش پێگەکانی تیرۆر لە نەینەوا گورزێکی سەختیان بەرکەوتووە، هەروەها ئۆپراسیۆنی کێوماڵی پێگەکانی ئەو رێکخراوەش لە ناوچە جیاوازەکان بەردەوامە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ماوەی مانگی رابردودا 43 چەکداری داعش کوژراون و دەیان پێگە، حەشارگە و چەک و تەقەمەنی چەکدارانی رێکخراوەکەش دەستیان بەسەردا گیراوە و لەناوبراون.
23ی ئەم مانگە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، بەبەشداری هێزی ئاسمانی و هێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی، سوپای عێراق قۆناغی دوەمی ئۆپراسیۆنی "ئیرادەی پتەوی"ـی لە رۆژئاوای عێراق دەستپێکرد.
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان دەڵێت: هێزە ئەمنییەکان لە دیالە، سەڵاحەددین و کەرکووکیش هەماهەنگ دەبن و لەسەرجەم ناوچەکان ئۆپراسیۆنەکە بەردەوامی دەبێت بۆ کێوماڵ کردنی پێگەکانی تیرۆر.
Your Comment