هەولێر هه‌وڵ ده‌دات ببێته‌ به‌شێک له‌ نه‌خشه‌ی نوێی جیهانیی وزه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان جەختی کردەوە هەولێر هه‌وڵ ده‌دات ببێته‌ به‌شێک له‌ نه‌خشه‌ی نوێی جیهانیی وزه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سه‌فین دزه‌یی به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێم بە کوردستان 24ی ڕاگەیاندووە: سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم بۆ بەریتانیا بۆ هەموو کورد دەسکەوتە نەک بۆ تاکە حزبێک و دەشڵێت له‌ساڵی هه‌شتاکاندا به‌رپرسێکی کورد ته‌نیا ده‌یتوانی که‌سایه‌تییه‌کی سیاسی ببینێت، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ له‌ ده‌ستووری عێراقدا هاتووه‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌توانێ په‌ره‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی خۆی بدات.

سه‌فین دزه‌یی روونیکرده‌وه‌، "ئه‌و دیداره‌ دووقۆڵییه‌ی نێوان بۆریس جۆنس، سه‌رۆک وه‌زیرانی به‌ریتانیا و مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێم ئه‌نجام درا پێویسته‌ ببێته‌ جێگه‌ی دڵخۆشی خه‌ڵکی کوردستان و ته‌واوی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان، چوونکه‌ ئه‌م ده‌ستکه‌وته‌ شایسته‌ی خه‌باتی گه‌لی کوردستانه‌".

به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان گوتی: "به‌ریتانیا هه‌میشه‌ پێگه‌ی تایبه‌تی له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌ی عێراقیدا هه‌بووه‌، جیا له‌وه‌ش له‌کاتی کۆڕه‌وی ملیۆنی خه‌ڵکی کوردستان جۆن مێجه‌ر، سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌وسای به‌ریتانیا به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا لایه‌نی سه‌ره‌کی پێشکه‌ش کردنی بیرۆکه‌ی ناوچه‌ی ئارام بوون بۆ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش، بووه‌ هۆی دروستبوونی بڕیاری 688ـی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش". ده‌شڵێت: "هه‌ر له‌ دوای راپه‌رینه‌وه‌ په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی سیاسیی له‌ نێوان هه‌رێمی کوردستان به‌ریتانیادا هه‌بووه‌، به‌تایبه‌تی له‌ دوای ساڵی 2003 هه‌وڵه‌کان به‌رده‌وام بوون، کاتێک سیستمی سیاسی له‌ عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای فیدڕاڵی چه‌سپا، راسته‌وخۆ وڵاتان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵسوکه‌وتیان کردووه‌".

هه‌روه‌ها گوتیشی: "کونسوڵخانه‌کانی هه‌ر پێنج وڵاتانی ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی له‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش له ‌هه‌ولێر راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا کار ده‌که‌ن".

سه‌فین دزه‌یی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات، "به‌ریتانیا هه‌میشه‌ پاڵپشتی حکوومه‌تێکی به‌هێزی هه‌رێمی کوردستانه‌، بابه‌تی وزه‌ ته‌وه‌رێکی سه‌ره‌کییه‌ له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ عێراق بۆ ئه‌وه‌ی سوودی لێوه‌ربگری".

هه‌روه‌ها سه‌فین دزه‌یی جه‌ختی له‌وه‌ کرده‌وه‌: "هه‌رێمی کوردستان له‌ دوای دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت و وزه‌، بووه‌ته‌ به‌شێک له‌ هاوکێشه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، ناکرێت بگوترێت هه‌رێمی کوردستان به‌دیلی وڵاتانی دیکه‌یه‌ بۆ وزه‌، کاتێک ده‌بینرێت کێشه‌ی که‌می گازی سروشتی له‌ جیهاندا هه‌یه‌، کورد هه‌وڵ ده‌دات ببێته‌ به‌شێک له‌ نه‌خشه‌ی نوێی جیهانی وزه‌، له‌ رابردووشدا به‌ریتانیا هه‌وڵیداوه‌ کۆمپانیاکانی خۆیان له‌ هه‌رێم ئه‌کتیڤ بکه‌ن، ئه‌مانه‌ هه‌مووی بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ سوودی بۆ هه‌رێمی کوردستان هه‌بێت".

به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان باسی له‌وه‌ش کرد، "له‌ عێراقدا ده‌یان مادده‌ی ده‌ستووری هه‌ن ته‌نانه‌ت یاساشیان بۆ دانه‌ڕێژراوه‌، واته‌ پێشێلکارییه‌کی زۆر له‌ ده‌ستووری عێراق کراوه‌".

له‌باره‌ی گوتاره‌که‌ی مه‌سروور بارزانی له‌ چاتام هاوس سه‌فین دزه‌یی گوتی: گوتاره‌که‌ زۆر گرنگ بوو، هه‌موو شتێکی تێدا باس کرا، من پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر سیستمێک بۆ هه‌رێمی کوردستان باش بێت و سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ستهێنابێت، نابێت شه‌رم له‌ هه‌نگاوی نوێ بکه‌ین.

News Code 5813

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha