بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ پێنجشەممە، شانەی ئەمنی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و تیایدا هاتووە، گرووپێکی چەکداری بە مووشەک لە جۆری کاتیۆشا هێرشیان کردووەتە سەر هەولێر.
ئاماژەی بەوەش داوە، مووشەکەکانی لە ناوچەی چۆڵ و لە نزیک کۆمڵگەی نیشتەجێبوونی کەورگۆسک و پاڵاوگەی کەورگۆسک و زێی گەورە کەوتوونەتە خوارەوە.
دەشڵێت، سەرجەم مووشەکەکان لە دەروازەی سنووری حەمدانیە لە پارێزگای نەینەواوە ئاراستەی هەولێر کراون.
راگەیەنراوەکەی شانەی ئەمنی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، هێزەکانیان دەستیان بە لێکۆڵینەوە و گەڕان و کێوماڵ کردووە بە ئامانجی دۆزینەوەی ئەو کەسانەی هێرشە موشەکییەکانیان ئەنجامداوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو هاوکات دژەتیرۆری کوردستان لە پێگەی فەرمی خۆیان رایانگەیاند، سێ مووشەک ئاراستەی شاری هەولێر کراون و هیچ زیانێکی گیانی و مادییان نەبووە و مووشەکەکان لە دەروازەی حەمدانییە لە میحوەری خازرەوە ئاراستەی شاری هەولێر کراون.
Your Comment