کۆفان کەنعۆ سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کورد لە سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە داهاتووی دانوستانی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانی کورد (ENKS) و حزبەکانی یەکێتی نیشتمانیی کورد (PYNK) و وتی: پاش دەستبەکار بوونی ئیدارەی بایدن و گۆڕینی باڵیۆزی ئەمریکا لە ناوچەکە و نوێنەری ئەمریکا لە دانوستانەکاندا، گفتوگۆکان ڕاگیران. لە چەن مانگی ڕابردوودا حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانی و ئەنجومەنی نیشتمانی هەریەکەو بەشێوەی جیاجیا لەگەڵ نوێنەری ئەمریکا کۆبوونەتەوە و لەبارەی چۆنیەتی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان گفتوگۆیان کردووە.
ناوبراو درێژەی دا: ئێمە وەکوو پارتی ڕۆژ و حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانی و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر داوای گفتوگۆی سازێنەر و جیدین. ئێمە نامانەوێت ئەنجومەنی نیشتمانی لە بەرەی دوژمناندا بێت و دەمانەوێت هاوڕا بن لەگەڵ برایانی خۆیان. دوژمنانی کورد هیچ کات بیر لە بەرژەوەندیی گەلی کورد ناکەنەوە و بەردەوام کێشەمان بۆ دروست دەکەن.
ناوبراو زیاتر وتی: پێویستە ئەنەکەسە دەرک بەمە بکات کە تورکیا دوژمنی کوردە و ئەگەر هێزەکان نەبن هیچ کات دان بە بوونی کورددا نانێت.
کۆفان کەنعۆ جەختی کردەوە: ئێمە بڕوامان بە درێژەی گفتوگۆ هەیە و بەڕێگاچارەیێکی دەزانین بۆ یەکگرتن و بە ئەنجام گەیشتنی هەوڵی کوردەکان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان. دانوستانەکان بۆ ئێمە جدیە و هیوادارین کە برایانی ئەنجومەنی نیشتمانیش بڕیارەکانیان لە تورکیا دەرنەکەن بەڵکوو لە کوردستانی سووریا بڕیار بەن و کەس خاوەنی بڕیاری ئەوان نەبێت.
Your Comment