بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی، سهرۆکی حکوومهتی ههرێمی کوردستان له وتارێکدا له کۆڕبهندی جیهانیی وزه/ 2022، رایگهیاند: "بە شێوەیەکی تایبەت چێژ لە پێشکەشکردنی ئەم وتارە وەردەگرم لەم شوێنە، کە باوک و باپیرانی زۆرینەتان تێڕوانینێکی ناوازهیان هەبوە بۆ بنیاتنانی وڵاتێک بۆ هاوڵاتیانی و ببێتە نمونەیەک بۆ جیهان، پاش پەنجا ساڵ ئیمارات ههردو ئامانجهکهی بهدیهێنا، وڵاتی ئێوە هێزبەخشە بە هەمو ناوچەکە و سەرکردایەتییەکەی بە شێوازێکی ژیرانە سەرچاوە سروشتییەکان و توانا مرۆییەکانی بەکارهێنا".
ئاماژهی بهوهشکرد، "ئەمڕۆ لە پێش ئێوەدام، لە چوارچێوهی سهردانێکی ههفتهییه بۆ ئیمارات، من لێرەم بۆ دوەمجار لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، بە مەبەستی دروستکردنی پەیوەندییەکی جددی، هەروەها بۆ فێربون لە ئێوەوە، لە هەر هەنگاوێکی سەردانەکەمدا، گفتوگۆی پڕ لە زانیاریم لەگەڵ سەرکردەکان و بیرمەندەکان ئەنجامدا، بۆ من زۆر رونە، کە تێڕوانینێکی هاوبەشمان هەیە و بنەمای هاوبەش کۆماندەکاتەوە، ئێمە هاوڵاتیانی خۆمان دەپارێزین و خزمەتیان دەکەین، لە هەمان کاتیشدا پەناگە بە خەڵکانی دیکه پێشکەش دەکەین، ئێمە ئەندامێکی کارای کۆمەڵگهی نێودەوڵەتین، کە کار بۆ دابینکردنی ئاییندەیەکی باشتر دەکات".
مەسروور بارزانی باسی لهوهشکردوه، "لە ماوەی ساڵانی رابردو، ئێمە لە کوردستانەوە تەماشای ئێوەمان دەکرد و لە ئەزمونی ئێوە لە ئیمارات، فێردەبوین، لە کاتێکدا ئێمە چەندین بەربەستی جددیمان تێپەڕاند، چیرۆکی وزەی ئێمە هیوابەخشە، ئێمە لە سەرەتاوە دەستمانپێکرد، 15 ساڵ لەمەوبەر کاتێک یاسای وەبەرهێنانی نەوتمان دەرکرد، بۆ هەریمێک کە لە رۆژێکدا نیو ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و هەناردەی دەکات، هەروەها نزیکەی نیو ملیار پێ سێجای گاز بەرهەمدهێنێت لە رۆژێکدا و لهگەڵ بونی ویست بۆ بەرەوپێشبردنی هەردوکیان، بەڵام ئەمە کارێکی ئاسان نەبو".
ئهوهشی خستهڕو، "ئاییندەی ئێمە لەسەر وزە بنیات دەنرێت، لە رێگای هەریەک لە هاوڵاتیانی ئێمە کە کاتەکەیان بەکاردێنن بۆ بەرەوپیشچون و سەرکەوتن، هەروەها لە رێگهی بەردەوامبونی بەرەوپێشبردنی سەرچاوە سروشتییەکان، کە ئێمەی کورد لە پێناویدا کارمان کردوە، بە درێژایی چەندان دەیەی پڕ لە جەنگ و پەتا و یاخیبون و چەندین بەربەستی دیکه، ئێمە ئێستا گەیشتوینەتە خاڵێک لە مێژوماندا، کە ئامادە و راوەستاوین بۆ بنیاتنان، پاش هەمو قوربانیدانمان، ئێمە دەرفەتێکی گەورەمان هەیە بۆ دابینکردنی وزە بۆ بازاڕی ناوخۆ و جیهانی و سورین لەسەر ئهوهی کوردستان بکهینه سەنتەرێکی وزە لە ناوچەکەدا".
وتیشی، "بەرپرسیارێتی یەکەمی من، جێبەجێکردنی خواست و داواکاریی هاوڵاتیانه، کە بەردەوام لە زیادبوندایە، بە درێژایی چەندان دەیە لە سەرەتای دامەزراندنی ههرێمی کوردستانەوە، داواکاریی بۆ وزە لە زیادبوندایە، خێزانەکان، ماڵ و ئۆتۆمبێلی زیاتریان کڕیوە، خزمەتگوزاری گشتی گەیهنەدراوەتە قوڵایی دەشت و گوندەکان، بۆ یەکەمینجار پایتەختی ئێمە، هەولێر، لە رێگهدایە بۆ بون بە سەنتەرێکی هەرێمی بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان".
مەسروور بارزانی دهشڵێت، "ئەو سێ ساڵەی رابردو گۆڕانکاری گەورە رویاندا، ئێمە باشترین سیاسەتە پهیڕهوکراوهکانی جیهانمان لە کەرتی گشتیدا جێبەجێکرد، رێوشوێنمان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازی و دورخستنەوەی هەمو بەربەستەکان گرتەبەر، هەمو روتینەکانمان لە بەردەم پەرەسەندنی کەرتی تایبەت لابرد، هانی یەکەمەکان دەدەین و داهێنەرەکان خەڵات دەکەین".
لهبارهی ههناردهکردنی غازی کوردستان، سهرۆکی حکومهتی ههرێم وتی، "بەردەوام دەبین لە دروستکردنی وێستگەی وزەی زیاتر و وزەی پاک بۆ داهاتویەکی بەهێز، لە هەمان کاتدا ئێمە لە پەرەپێدان بە هەناردەکردنمان بەردەوام دەبین، دڵنیام کوردستان لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەبێت بە سەرچاوەیەکی وزەی گرنگ بۆ ویست و خواستی جیهانیی، کە بەردەوام لە زیادبوندایە، لە داهاتویەکی نزیکدا دەبین بە هەناردەکاری غاز بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق، تورکیا و ئەوروپا و پێداویستی ئاسایشی وزەی ئەوان دابین دەکەین، ئێستا توانای هەناردەکردنی نەوتمان هەیە، کە رۆڵێکی گرنگی ئابوری لە ئاڕاستەی ژیانمان دەبینێت و هاوکات رۆڵی گرنگیش لە دابینکردنی وزە بۆ هاوبەشەکانمان هەیە، بڕێکی زۆری یەدەگی نەوت و گازمان لە هەرێمەکەمان هەیە".
ئهوهشی وت، "گفتوگۆم لەگەڵ حکوومەتی عێراق و تورکیا و وڵاتانی کەنداو کردوە، لەبارەی دامهزراندنی شاڕێگهیەکی شەمەندەفەری ناوچەیی، پێموایە ئەمە وەرچەرخانێک دەبێت بۆ عێراق و ناوچەکە، کە رێگهی بازرگانی نوێ و پەنجەرەیەکی دیکە بەڕوی هەماهەنگی ناوچەکەدا دەکاتەوە".
لهبارهی گرێبهستی کۆمپانیاکانی نهوت، لهگهڵ ههرێمی کوردستان، وتی، "دەمەوێت بۆ هەموتان جەخت لەوە بکەمەوە، کە کابینهکهی من پابەند دەبێت بەو گرێبەستانەی کە لەگهڵ کۆمپانیاکان واژۆ کراون، ئەو گرێبەستانە بەپێی یاسای نەوت و گازی کوردستان و دەستوری هەمیشەیی عێراقە و بەشێکە لە داهاتوی هاوبەشمان، بایەخی گرێبەستەکانمان بەو رادەیە، کە بۆ ئێوە گرنگە، بە هەمان رادە بۆ حکوومەتەکەی من گرنگە، ئەوە لەلایەن پسپۆڕە یاساییە نێودەوڵەتییەکان و دادگا نێودەوڵەتییەکانیش پشتڕاست کراوەتەوە، بە هەمو توانامانەوە هەوڵ بۆ پاراستنیان دەدەین".
Your Comment