بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ دووشەممە مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردوە و تێیدا ئاماژەی بەوەداوە، "سووكایەتیكردن بە پیرۆزییەكان و هێما باڵاكان بە هیچ شێوەیەك قبووڵكراو و نیە و بەزاندنی هێڵی سوورە و زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو سووكایەتییە دەكەین كە شەوی رابردوو لە لایەن كەسێكەوە بە مەرجەعیەت كراوە.
ناوبراو دەشڵێت، "كوردستان خاوەنی فەرهەنگی بەرزی پێكەوەژیانە و سووكایەتیكردن بە رەمز و موقەدەساتی خەڵك لە ناو فەرهەنگی گەلی كوردستان هیچ كات جێگەی نەكردووەتەوە و جێگەی نابێتەوە. گەلی كوردستان رێز و پێزانینێكی زۆری بۆ مەرجەعیەت هەیە و پەیوەندیی مێژوویی و دۆستایەتی و هاوسۆزیی نێوان بارزانی و ئایەتوڵڵا حەكیم و شەهید سەدر گەواهیە بۆ ئەو پەیوەندیی و دۆستایەتیە دێرینە."
بارزانی ئاشکراشیکردووە، "ئەو كەسەش كە سووكایەتی كردووە لە لایەن یاساوە گیراوە و سزای تاوان و زێدەرۆیی خۆی دەداتەوە."
هاوکات بارزانی زۆر بە توندی ئیدانەی سووتاندنی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستانی لە بەغدا کردووە و دەشڵێت، "ئەوە بۆ دووەمین جارە لە لایەن كۆمەڵێک تێكدەر و شكستخواردوو ئەنجام دەدرێت و ئەمە بەڵگەیە لەسەر بوونی پاشاگەردانی و نەبوونی سەقامگیری و ئاسایش و لە راستیدا ئەو گرووپانەش جگە لە خەراپەكاری و تێكدان و ئاژاوە هیچی تریان لەدەست نەهاتووە."
ئەمەش دوای ئەوەدیت شەوی رابردوو بەهۆی تویتێکی کادرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لەبارەی مەرجەعیەتی شیعەکانەوە کردبووی، لایەنگیرانی مەرجەعیەت لقی پێنجی پارتییان لە باغدا سووتاند.
Your Comment