کوردپرێس:
له باره‌ی لێدوان و هه‌ڵوێستی هه‌ندێك په‌رله‌مانتاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: ئێمه مامه‌ڵه‌ی ره‌سمی له‌گه‌ڵ شانده ره‌سمییه‌كانی گۆڕان ده‌كه‌ین. هه‌ر كه‌سێك لێره و له‌وێ قسه ده‌كات، نه به هه‌ڵوێستی ره‌سمیی گۆڕانی ده‌زانین و نه حسابیان بۆ ده‌كه‌ین.
ناوبراو گوتیشی هه‌ڵوێستی ره‌سمیی گۆڕان ئه‌وه‌یه كه پابه‌نده به‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی كردوویه‌تی. ئێمه سووپاسی گۆڕان ده‌كه‌ین، كه پابه‌ند بوون به رێككه‌وتنه‌كانه‌وه.
ئاشكراشیكرد، كه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به شاندی پارتییان وتووه، ئه‌و په‌رله‌مانتارانه ته‌عبیر له سیاسه‌تی گۆڕان ناكه‌ن.
هێمن هه‌ورامی راشیگه‌یاند، پێویسته تا پێش 28ی ئه‌م مانگه ناو و سیڤیی وه‌زیره‌كان بگاته په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی له دانیشتنی 30ی حوزه‌یران متمانه به كابینه‌ی حكوومه‌ت و وه‌زیره‌كان بدرێت.
هێمن هه‌ورامی سه‌باره‌ت به كۆبوونه‌وه‌كانی مه‌سروور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت و یه‌كێتی و گۆڕان و حزبی سۆسیالیست گوتی: بۆ مێژوو ده‌یڵێم، له حه‌وت مانگی رابردوودا، له هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كان به‌شدار بووم. ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌نجام درا، یه‌كێك له باشترین كۆبوونه‌وه‌كان بوو.
ناوبراو گوتیشی: راسپێردراوی كابینه‌ی حكوومه‌ت 30 رۆژی له‌به‌رده‌مدایه و له 12ی حوزه‌یرانه‌وه راسپێردراوه. په‌رله‌مانیش رۆژی یه‌كی ته‌مموز پشووی هاوینه‌ی ده‌ست پێده‌كات. بۆیه ئێمه پێش 28ی ئه‌م مانگه، ناو و سیڤیی ته‌واوی وه‌زیره‌كان بدرێته په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی دابه‌ش بكرێن به‌سه‌ر په‌رله‌مانتاران و رۆژی 30ی مانگ له دانیشتنی په‌رله‌ماندا، متمانه به كابینه‌ی حكوومه‌ت و وه‌زیره‌كان بدرێت.
هێمن هه‌ورامی ئه‌وه‌شی گوت: له ناخی دڵه‌وه سوپاسگوزاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانین بۆ ئه‌و پابه‌ندبوونه ته‌واوه‌ی به رێككه‌وتنه‌كانه‌وه كردوویانه و یه‌كێتی نیشتمانیش هاوبه‌شی سه‌ره‌كییه.
روونیشی كرده‌وه، پارتی سێ رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی هه‌یه. پشكی یه‌كێتی له حكوومه‌تدا 5 وه‌زیر و وه‌زیری هه‌رێم و پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌یه. ئه‌مڕۆ داوایان لێكرا به زووترین كات سیڤییه‌كانیان ره‌وانه بكه‌ن.
ئه‌وه‌شی گوت: سه‌باره‌ت به كه‌ركووك، ئه‌گه‌ر پارتی زیاتر له یه‌كێتی په‌رۆشی كه‌ركووك نه‌بێت، ئه‌وا كه‌متر نییه و له كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كێتیشدا جه‌خت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كان كراوه‌ته‌وه.
ئاماژه‌ی دا، له رۆژانی داهاتوو سه‌ردانی لایه‌نه توركمانی و كریستیانییه‌كانیش ده‌كه‌ن.
له میانی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان24دا، هێمن هه‌ورامی راشیگه‌یاند، لیژنه‌یه‌كی باڵا له ناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا دوێنێ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌نجام داوه و كاندیدی پۆسته وه‌زارییه‌كان نیو كاتژمێری ده‌وێت و یه‌كلا بوونه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها گوتی: پارتی حزبێكی تۆكمه‌یه و شتی لێ ون نابێت و شتیشت به ئاسانی لێی ده‌ست ناكه‌وێت. بۆیه ئه‌و قسانه‌ی باس له پۆسته وه‌زارییه‌كانی پارتی ده‌كه‌ن، راست نین.
Your Comment