نێچيرڤان بارزانى: هيچ بنکه‌يه‌کى ئسرائيلى له‌ هه‌رێمى کوردستان بوونی نییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراقدا ڕایگەیاند هيچ بنکه‌يه‌کى ئسرائيلى له‌ هه‌رێمى کوردستان بوونی نییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە له‌ کۆبوونه‌وه‌کەدا نێچیرڤان بارزانی و مستەفا کازمی وێڕاى دوايين پێشهاته‌ سياسى و ئه‌منييه‌کانى عێراق، باسيان له‌ هێرشى مووشه‌کيى به‌ره‌به‌يانيى ڕۆژی 13ى ئازار بۆ سه‌ر هه‌ولێر کرد که‌ دواتر سوپاى پاسدارانى ئێران به‌رپرسياریيه‌تی خۆی له‌ ئه‌نجامدانى ڕاگه‌ياند.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ هێرشه‌که‌ پێشهاتێکى جددى و پێشێلکردنێکى زه‌قى سه‌روه‌ريى عێراقه‌ و ده‌ستدرێژييه‌که‌ ئاسايش و ئارامى و سه‌قامگيريى ته‌واوى عێراق ده‌خاته‌ مه‌ترسييه‌وه‌.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە سه‌رۆک وه‌زيرانى عێراقى فيدرال دووپاتى کردوه‌ که‌ ئه‌وان به‌ نيگه‌رانييه‌کى قووڵه‌وه‌ له‌ هێرشه‌که‌ ده‌ڕوانن و گوتى: ئه‌مڕۆ هاتووين تا له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵتان بين و وه‌ک پشتگيرييه‌ک بۆ هه‌رێمى کوردستان لێره‌ين. هه‌روه‌ها هيواى خواست که‌ هه‌ر کێشه‌يه‌ک هه‌بێت، به‌ لێکگه‌يشتن چاره‌سه‌ر بکرێت.

ڕوونیشی کردەوە کە ده‌رباره‌ى پاساوى بۆردوومانه‌که‌ش گوايه‌ بنکه‌يه‌کى ئسرائيلى کراوه‌ته‌ ئامانج، نێچيرڤان بارزانى ڕه‌تيکرده‌وه‌ که‌ هيچ بنکه‌يه‌کى ئسرائيلى له‌ هه‌رێمى کوردستان هه‌بێت و ئه‌و ده‌نگۆيه‌ى به‌ پاساوێکى بێ بنه‌ما له‌ قه‌ڵه‌م دا.

هەروەها ئەوەش هاتووە کە نێچيرڤان بارزانى هه‌روه‌ها سوپاسى سه‌رۆک وه‌زيران کازمى کرد و سه‌ردانه‌که‌ى به‌ پشتگيرى و هاوسۆزى بۆ هه‌رێمى کوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا. هه‌روه‌ها دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان هه‌ميشه‌ فاکته‌رى سه‌قامگيرى بووه‌ و ده‌بێت، بايه‌خيش به‌ په‌يوه‌ندييه‌کانى عێراق و هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ ده‌دات.

لە ڕاگەیەنراوی سەرۆکایەتی هەرێم ئاماژە بەوەش دراوە کە هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ کارى پێکه‌وه‌يى و له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ئه‌نجامى لێکۆڵينه‌وه‌ى ليژنه‌ى هاوبه‌شى حکوومه‌تى فيدرالى عێراق و حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ ڕاى گشتى و هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌کان ئاشکرا بکرێت و لێى ئاگادار بکرێنه‌وه‌.

News Code 5427

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha