کوردپرێس: عەلاوی لەمیانی قسەكردنیدا بۆ بەرنامەیێک، كە كەناڵی سۆمەرییە بڵاویدەكاتەوە رایگەیاند لەسەر داواكاری عادل عەبدولمەهدی چووم بۆ هەولێر پاش ئەوەی، كە سەردانی كردبووم بۆ ماڵەوە و پێ وتم كێشەمان لەگەڵ مەسعوود بارزانی هەیە لەوانە هەناردەی نەوت، منیش قسەم لەگەڵ بارزانی كردو وتی: "ئێمەش مافمان هەیە"، ئەوەشی دووپاتكردەوە وەفدێكی رەسمی لەپاش جەژن سەردانی بەغدا دەكات.
عەلاوی راشیگەیاند: بارزانی ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ئامادەبوون لە كۆبوونەوە سیاسییەكان، ئەوەشی دووپاتكردەوە بارزانی وتویەتی: كوردستانی عێراق بەشێكی دانەبڕاوە لە عێراق و هەموو توانای خۆم دەخەمە گەڕ بۆ ئەوەی لە ئایندەدا كوردستان لە خزمەتی حكووكەتی عێراقیدا بێت.
لەچوارچێوەیێكی تردا عەلاوی ئەوەی ئاشكرا كرد، ئەمەریكا لە دانووستاندایە لەگەڵ بەعسییەكان، ئەم بابەتەم لە ئەمەریكییەكان بیستووە.
دەربارەی دیدگای ئەو بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو، وتی: لەمەودا بەشداری هەڵبژاردنەكان ناكەم و خۆم بۆ هیچ پۆستێک كاندید ناكەم، چوونكە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان هیوا بڕە و نوێنەرایەتی پشكپشكێنەی تائیفی دەكات.
لەبارەی سەدامەوە پرسیاری لێكرا، ئایە ئەگەر خاوەن بڕیار بویتایە سەدامت لە سێدارە دەدا، عەلاوی وتی: بەم شێوەیە لە سێدارەم نەدەدا، بەلام من تێدەگەم بۆچی كوێتی داگیركرد، دۆخی لە جەنگی ئێراندا چۆن بوو، بۆچی هاورێكانی دەكوشت، بۆچی هەزاران بەعسی كوشت، بۆچی عێراقی وێرانكرد و یەكێتی لەگەڵ سوریا تێكدا، كێ پاڵی پێوەنا لە بڕیاری عەرەبی دەربچێت و نەوت بە نهێنی بفرۆشێ، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لەسەر ئەم خالانە دادگایی نەكرا.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment