پارێزگاری هەولێر: ئامانجی هێرشەکە بینای نوێی کونسوڵخانەی ئەمرکیا بوو لە شاری هەولێر

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پارێزگاری هەولێر رایگەیاند ئامانجی هێرشەکە بینای نوێی کونسوڵخانەی ئەمریکا بوو لە شاری هەولێر بەڵام مووشەکەکان ئامانجەکەیان نەپێکا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای هێرشە مووشەکییەکەی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 13-3-2022 بۆ سەر شاری هەولێر، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئامانجی هێرشەکە کۆنسوڵخانەی نوێی ئەمریکا بووە، بەڵام مووشەکەکان شوێنی خۆیان نەبپێکاوە و لەو شوێنانە کەوتوونەتەوە خوارەوە، کە شوێنی سڤیلن، بۆ نموونە کەناڵی کوردستان 24 هەرچەند ئامانج نەبووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی نزیکی رووداوەکە بووە زیانی بەرکەوتووە".

پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کرد، لە هێرشەکاندا دوو هانیشتمانی برینداربوون و گوتی: "یەکێكیان شوفێرە، لە ئەنجامی شکانی جامی ئۆتۆمبێلەکەی بریندار بووە، ئەوی دیکەش پاسەوانی باخێک بووە لە نزیک شوێنی رووداوەکە".

ئومێد خۆشناو، سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و گوتی: "پایتەختی هەرێمی کوردستان هەمیشە ئامانجی تیرۆرستان بووە. بۆ ئێمە وەکوو ئیدارەی هەولێر و حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێگەی دڵخۆشییە کە خەڵکانێک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دێنە سەر هێڵ و سەرکۆنەی دەکەن، ئێمەش جارێکی دیکە سەرۆکۆنەی هێرشەکە دەکەین و دڵنیایی دەدەینە خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەولێر، کە لەسایەی سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا ئەمنییەکان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، هەولێر ئارامە و بەو کردەوانە ناشێوێت".

پارێزگاری هەولێر لە وەڵامی میدیا ئێرانییەکاندا رەتیکردەوە کە هیچ بنکە و شوێنی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستاندا هەبێت وەکوو لە ئێران بانگەشەی بۆ کراوە، گوتیشی، "دەمێکە بابەتی ئیسرائیل و ئەوانە باسی لێوەدەکرێت کە هیچ بنەمایەکی نییە، ئیسرائیل لەو شوێنە نەبووە وەکوو باس دەکرێت، تەنیا کۆنسوڵخانەی نوێی ئەمریکای لێیە کە بەشێکی تەواو بووە، ئەو شوێنانەی زیانی بەرکەوتووە شوێنی سڤیلن و تەنیا ئەوان بوون".

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کرد و گوتی، هەرێمی کوردستان وەکوو هەرێمێکی دەستووریی لەچوارچێوەی عێراقدا، بەردەوام پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەبووە و پەیوەندییەکانیش ئاسایی بوون. گوتیشی تاوەکوو ئێستا هیچ پەیوەندییەکی فەرمی لەنێوان بەرپرسانی ئێران و سەرۆکی هەرێمی کوردستان یان سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو رووداوە نەبووە، "بەڵام بە دڵنیاییەوە پەیوەندی دەبێت و لەسەر ئەو بابەتە قسە دەکرێت، چونکە هەرێمی کوردستان هەڕەشە نییە لەسەر هیچ دراوسێیەک".

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە بەردەوامیی قسەکانیدا گوتی، ئەو جۆرە هێرشانە تەنیا دژ وەستانەوەیە بە خەڵکی هەرێمی کورستان و نە دژایەتی "ئیسرائیلە و نە ئەمریکا و بۆ هیچ وڵاتێكی دیکە نییە و بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستانە".

News Code 5407

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha