به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فایق ئۆزتراک وته‌بێژی پارتی کۆماریخوازی گه‌لی تورکیا (CHP) له لێدوانێکدا باس له‌و ئیدعایانه ده‌کات که له‌مدواییانه و جارێکی‌تر له‌لایه‌ن حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه له‌باره‌ی به‌تاڵانبردنی ده‌نگه‌کانی ئه‌سته‌نبۆڵ له هه‌ڵبژاردنی 31ی مارچی شاره‌وانییه‌کاندا خراونه‌ته‌ڕوو و ڕایده‌گه‌یێنێت: شتێک که تاڵان کراوه حوکمی فه‌رمیی شاره‌وانیی ئه‌سته‌نبۆڵه نه‌ک ده‌نگه‌کانی ئه‌م شاره و ئه‌نجومه‌نی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کانی تورکیاش دانی به‌و بابه‌ته داناوه. حوکمێک که به‌پێی هه‌ڵبژاردنی ئه‌سته‌نبۆڵ له 6ی مه‌ی هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه و بڕیار له‌سه‌ر دووباره‌کردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن درا له‌لایه‌ن کۆشکی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماره‌وه نووسراوه و ڕاده‌ستی ئه‌نجومه‌نی باڵای هه‌ڵبژاردن کراوه و ئه‌وانیش ته‌نها واژۆیان له‌سه‌ر حوکمه‌که کردووه.
ناوبراو له درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا گوتیشی: سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری تورکیا ته‌ئکیدی کردبوو هه‌ندێک به‌ڵگه‌ی قایمی له لایه له‌باره‌ی به‌تاڵانبردنی ده‌نگه‌کانی ئه‌سته‌نبۆڵ و ئه‌مه‌ش له حاڵێکدایه که ڕۆژ له دوای ڕۆژ تێده‌په‌ڕێت و هیچ بهڵگهیێکیش ناخرێته‌ڕوو. چه‌ندین جار ته‌ئکیدیان له‌سه‌ر هه‌بوونی به‌ڵگه‌گه‌لێکی وا کردووه و ئێمه‌ش داوامان له‌وان کردووه که بۆ ڕای گشتی بیخه‌نه‌ڕوو. ته‌نانه‌ت کاندیدی هه‌ڵبژاردنیشیان ڕایگه‌یاندووه که زانیارییێکی له‌سه‌ر به‌ڵگه‌گه‌لێکی وا نییه. به بۆچوونی من دێر یان زوو درۆکانیان ئاشکرا ده‌بێت.
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی دیوار
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment