28 بنەماڵەی کوردی ئێزدی لە فەڕەنسا نیشتەجێ کران

بەشی جیهان- سەرۆککۆماری فەڕەنسا ڕەزامەندیی دەربڕیوە کە بەشێکی کوردە ئێزدییەکانی عێراق لەو وڵاتەدا نیشتەجێ بکرێن بۆیە ڕۆژی ڕابردوو 130 کەسیان لە هەولێرەوە ڕەوانەی "تولوز"ی فەڕەنسا کران.

کوردپرێس:

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کاروباری کۆچبەران ڕایگەیاند: ئیمانویل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەڕەنسا پاش ئەوەی داواکارییەکەی نادیە مورادی پێگەیشت ڕەزامەندیی دەربڕی کە ژمارەیێکی زۆری بنەماڵەی ئێزدییەکانی قوربانیی داعش لە فەڕنسا نیشتەجێ بکرێن.

نادیە موراد ئەو کچە ئێزدییەی ڕزگاربووی دەستی داعشە کە خەڵاتی نۆبلی ئاشتیی بردەوە و لەگەڵ زۆر کەسایەتیی سیاسی و بەرپرسانی باڵای ژمارەیێک لە وڵاتان دیداری کرد و دەستکەوتی دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆککۆماری فەڕەنساش ئەو ڕەزامەندیی دەوڵەتی فەڕەنسا بە قبووڵکردنی ژمارەیێک لە بنەماڵەی قوربانیانی دەستی داعش بوو.

قبووڵکرانی ئەو ژمارەیە لە بنەماڵە ئێزدییەکانی قوربانیی دەستی داعش بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوان ڕێکخراوە نێودەوڵەتی بۆ کاروباری کۆچبەران و دەوڵەتی فەڕەنسا و نادیە موراد ئەنجام دەبێت. پاش ئەوەی ڕێککەوتنەکە واژۆ کرا 132 کەس لە ئێزدییەکانی عێراق لە ڕێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو شاری تولوزی فەڕەنسا بەڕێ کەوتن.

دۆمینیک ماس کونسووڵی فەڕەنسا لە هەولێر لەبارەی ئەو ڕەزامەندییەی دەوڵەتی فەڕەنسا ڕایگەیاند: فەڕەنسا زەمینە بۆ ڕەخساندنی هەلی کار و ڕاهێنان و ئاسایشی ئەو بنەماڵە ئێزدییانە فەراهەم دەکات.

News Code 53870

Your Comment

You are replying to: .
captcha