بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری ئەوەی داوە لە حکوومەتی هەرێم بکشێتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریداوە حزبەکە لە حکوومەت بکشێتەوە، بەڵام تیمی حکوومەت ‌و بەشێک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەکە دژی بڕیارەکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاپۆرتێکدا ئاژانسی درەو میدیا بڵاوی دەکاتەوە؛ جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان کە بەگوێرەی دەستوری ناوخۆیی بزووتنەوەکە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە، بڕیاری داوە گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکشێتەوە. لە دواین کۆبوونەوەی ئەم جڤاتەدا، پرسی کشانەوە لە حکوومەت خراوەتە دەنگدان ‌و لەکۆی 34 ئەندامی ئامادەبوو، 22 ئەندام دەنگیان داوە بۆ "کشانەوە" لە حکوومەت داوە‌ و لەبەرامبەردا 12 ئەندام دژی کشانەوە دەنگیان داوە.

بڕیارەکەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان وا داڕێژراوە، بەر لە کشانەوە لە حکوومەت، گۆڕان نامەیەک ئاڕاستەی مەسروور بارزانی سەرۆکی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم، لەم نامەیەدا باس لە چەند خاڵێک وەکوو هۆکاری کشانەوەی گۆڕان لە حکومەت بکرێت لەوانە:

گۆڕان بەمەبەستی چاکسازی بەشداری لە کابینەی نۆیەمدا کراوە، بەڵام وەکوو ئەوەی ئێمە داوامان کردووە چاکسازی نەکراوە.

دۆخی خەڵک خراپە، بۆ بزووتنەوەی گۆڕان ‌و خەڵکیش داهاتەکانی حکوومەت روون نین.

ئەم نامەیەی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ مەسروور بارزانی ئامادە کراوە ‌و رادەستی مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێم لە پشکی گۆڕان ‌و دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە لە پشکی گۆڕان کراوە، بۆ ئەوەی ئەم دوو بەرپرسەی گۆڕان نامەکە ئاڕاستەی مەسروور بارزانی بکەن، بەڵام تائێستا مستەفا سەید قادر و دانا عەبدولکەریم نامەکەیان رادەستی مەسروور بارزانی نەکردووە.

لەبارەی هۆکاری رادەست نەکردنی نامەکە بە مەسروور بارزانی تیمی گۆڕان لە حکوومەت و بەشێک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەکە دژی بڕیاری کشانەوەن جگە لە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی‌, بۆیە هەوڵی دروستکردنی کێشە بۆ دەنگدانەکەی جڤاتی نیشتمانی دروست دەکەن.

ئەوانەی ناڕازین لە بڕیاری کشانەوە، دەیانەوێت بڵێن ئەو 22 ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی کە دەنگیان داوە بۆ کشانەوە لە حکوومەت، بەشێکیان وەکوو ئەندامی جڤات گرفتیان هەیە ‌و مافی دەنگدانیان نییە، دەیانەوێت لەم رێگەیەوە ژمارەی ئەو دەنگانەی کە پشتیوانی کشانەوە لە حکوومەت دەکەن لە 22 دەنگەوە بۆ 17 دەنگ کەم بکەنەوە، لەم حاڵەتەشدا نیسابی تێپەڕاندنی بڕیارەکانی بە دەنگی 50+1 کێشەی بۆ دروست دەبێت‌و بڕیاری کشانەوە لە حکوومەت جێبەجێ ناکرێت.

لەسەر بنەمای بڕیارەکەی جڤاتی نیشتمانی، بڕیاربووە بزووتنەوەی گۆڕان لە یادی راپەڕیندا واتە رۆژی 5/3 لە کابینەی نۆیەمی حکوومەت بکشێتەوە، ئەمە بەبەهانەی ئەوەی "حکوومەتی هەرێم بەرهەمی راپەڕینە ‌و حکوومەت شکستی هێناوە لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی راپەڕین"، بەڵام ئەوانەی دژی کشانەوە بوون، شکستیان بەم بڕیارە هێنا لە یادی راپەڕیندا، هەندێکی تریشیان لەوانە چیا نەوشیروان مستەفا پێیانوایە دەبێت کشانەوە لە حکومەت لەکاتێکی گونجاودا بێت‌و هەڵایەکی گەورە دروست بکات، نەک کارتەکە بەشێوەیەکی لاواز بەکاربهێنرێت.

مشتومڕی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی کشانەوە لە حکوومەت یاخود مانەوە لەکاتێکدایە، ئەگەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەوادەی خۆیدا بەڕێوەبێت، تەمەنی ئەم کابینەیە کە کابینەی سێقۆڵیی پارتی و یەکێتی و گۆڕانە تەنیا کەمتر لە حەوت مانگی ماوە.

News Code 5356

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha