به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌ره‌ڕای ڕاده‌ست‌کردنی بڕی نه‌وتی دیاری‌کراو له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه به به‌غدا به‌ڵام موناقیشه له‌سه‌ر خه‌رج‌کردنی به‌ته‌واوه‌تی مووچه‌ی چوار مانگی یه‌که‌می ساڵی 2019ی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییی عێراقه‌وه ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندووه.
عه‌بدولهادی موحان په‌رله‌مانتاری لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له لێدوانێكی تایبه‌تدا به SNNی ڕاگه‌یاند: "مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له به‌غداوه بۆ چوار مانگی ئه‌مساڵ نێردراوه به‌ڵام ئێستا خه‌رجكردنی ئه‌و پاره‌یه ڕاگیراوه به‌هۆی ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند نه‌بووه به ڕاده‌ست كردنی بڕی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه به كۆمپانیای سۆمۆ".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره كه سه‌ر به هاوپه‌یمانێتیی ده‌وڵه‌تی قانوونه ورده‌كاریی زیاتری ڕاگرتنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له به‌غداوه ئاشكرا ده‌كات و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: "له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌وه نووسراوێک ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی داراییی عێراق كراوه كه هامشی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقی له‌سه‌ره و تێیدا داوای ڕاگرتنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌كات تا ئه‌و كاته‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم نه‌وته‌كه‌ی ڕاده‌ستی سۆمۆ ده‌كات".
ئاژانسی کوردپرێس به‌دواداچوونی بۆ بابه‌ته‌که کرد و دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید ئه‌ندامی لیژنه‌ی داراییی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌نجام دا که ناوبراو هاوپه‌یوه‌ند به بابه‌ته‌که‌وه ڕوونی کرده‌وه: له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق کۆ بووینه‌وه و ئه‌وان ڕایان‌گه‌یاند که هه‌رگیز خه‌رج‌کردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستان ڕاناگرن.
ناوبراو گوتیشی: وه‌ک ئه‌ندامی لیژنه‌ی داراییی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران هیچ شتێکم له‌باره‌ی فه‌رمانی سه‌رۆک وه‌زیرانه‌وه نه‌بیستووه له‌سه‌ر ڕاگرتنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و هیچ زانیارییێکم له‌وباره‌وه نییه و پێم وایه عادل عه‌بدولمه‌هدی کارێکی وا ناکات به‌ڵام خه‌ریکین به‌دواداچوون بۆ بابه‌ته‌که ده‌که‌ین.
ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید جه‌ختی کرده‌وه: بڕگه‌ی ج ماده‌ی 10ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق باس له‌و بڕه نه‌وته ده‌کات که ده‌بێ هه‌رێمی کوردستان ڕاده‌ستی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراقی بکات و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ناچاره له به‌رانبه‌ر وه‌رگرتنی بودجه‌ی ته‌رخانکراو بۆ هه‌رێم 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه ڕاده‌ستی عێراق بکات به‌ڵام له‌و ماده‌یه‌دا ته‌ئکید له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش کراوه‌ته‌وه که ئه‌گه‌ر حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئه‌و نه‌وته ڕاده‌ستی کۆمپانیای بازاڕدۆزی سۆمۆ نه‌کات ئه‌وا مووچه‌ی هێزی پێشمه‌رگه و فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان ده‌درێت و په‌یوه‌ندییێکی به ڕاده‌ست‌کردنی نه‌وه‌ته‌وه به به‌غدا نییه به‌و بۆنه‌وه پێناچێت خه‌رج‌کردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندییه‌وه ڕابگیردرێت.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment