جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا: هه‌رێمی کوردستان پێویستی به‌ سوپایێکی یه‌کگرتوو هه‌یه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- فه‌رمانده‌یێکی پێشمه‌رگه‌ ته‌ئکید له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ هه‌رێمی کوردستان پێویستی به‌ سوپایێکی یه‌کگرتوو هه‌یه‌ که‌ هیچ سیمایێکی حیزبایه‌تی پێوه‌ دیار نه‌بێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا داخوازییه‌کان بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و دیاری‌کردنی فه‌رمانده‌یییێکی یه‌کگرتوو بۆ ئه‌و هێزانه‌ زیاتر بۆته‌وه‌ و هه‌ندێک کاریش له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ئه‌نجام درا به‌ڵام تاوه‌کوو ئیستا هیچ ئه‌نجامێکی لێنه‌که‌وتۆته‌وه‌.

ئێستاکه‌ هێزه‌ سه‌ربازی و ئه‌منییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌ژێر فه‌رمانده‌یی و چاودێریی دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار واتا پارتی و یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌برێن و وه‌ک لقێکی سه‌ربازی و ئه‌منیی حیزبه‌کان ئه‌رکه‌کانیان ڕاده‌په‌ڕێنن.

له‌وباره‌یه‌وه‌ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا به‌رپرسی یه‌که‌ی 70ی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ و ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتیی نیشتیمانی له‌ کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامه‌وانیدا جه‌ختی له‌سه‌ر یه‌کگرتنه‌وه‌ی سوپایێکی به‌هێز له‌ هه‌رێمی کوردستان کرده‌وه‌.

ناوبراو له‌باره‌ی یه‌کگرتنه‌وه‌ی هێزه‌کانی 70 و 80 له ‌دوای پێکهێنای کابینه‌‌ی نوێی حکوومه‌ت گوتی: "مادام حکوومه‌ت و هه‌رێمێک و په‌رله‌مان و سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێممان هه‌یه‌ واته‌ پێویستیمان به‌ سوپایێکی یه‌کگرتووی پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌ که‌ هیچ سیمایێکی حیزبایه‌تی پێوه‌ دیار نه‌بێت و پێشمه‌رگه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و خه‌ڵکی کوردستان بێت".

ناوبراو گوتیشی: "پارتی دیموکراتیی کوردستان پێکهێنه‌ری حکوومه‌ته‌ و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان له‌ گفتوگۆدایه‌، ئێمه‌ وه‌کوو یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕێککه‌وتنی سیاسیمان واژۆ کردووه‌ و گه‌یشتووینه‌ته‌ ڕێککه‌وتنی کۆتاییش بۆ پێکهێنانی حکوومه‌ت و ته‌نیا ماوه‌ واژۆی بکه‌ین".

جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ده‌ڵێت: "چاوه‌ڕێی مه‌کته‌بی سیاسی و براده‌رانی پارتی ده‌که‌ین بۆ واژۆکردنی ڕێککه‌وتنی کۆتایی و پێکهێنانی حکوومه‌ت".

ئه‌ندامه‌که‌ی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی کۆبوونه‌وه‌ی سێقۆڵی له‌ نێوان پارتی و یه‌کێتی و گۆڕان ڕاشی‌گه‌یاند: "له‌لای ئێمه‌ هیچ ڕێگرییێک نییه‌، هه‌ر ده‌قه‌یێک پارتی داوا بکات ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ هه‌موو کۆبوونه‌وه‌یێک".

شێخ جه‌عفه‌ر ده‌شڵێت: "هیچ ساردییێک له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی میلله‌ته‌که‌ماندا نییه‌ بۆیه‌ ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ دانیشتن له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نێک که‌ ئه‌مڕۆ له‌ گۆڕه‌پانی کوردستاندا قورساییی خۆی هه‌یه‌".

ناوبراو له‌ کۆتاییدا له‌باره‌ی خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ له‌ کابینه‌ی نۆیه‌می حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ڕوونی کرده‌وه‌: "سیڤیم پڕ نه‌كردۆته‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ له‌ كابینه‌ی نۆیه‌م تا پاشه‌كشه‌ بكه‌م و تا ئێستا یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان یه‌ک که‌سی دیاری نه‌کردووه‌ و مشتومڕی یه‌ک ناوی نه‌کردووه‌ له‌سه‌ر پێدانی پۆست له‌ كابینه‌ی نۆیه‌م".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53296

Your Comment

You are replying to: .
captcha