مەسروور بارزانی: خوازیاری باشترین پەیوەندین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ئێمە خوازیاری باشترین پەیوەندین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و بە هەموو شێوەیەکیش داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌وتارێكدا له‌ كۆڕبه‌ندی پشه‌سازی له‌ پێناو ره‌خساندنی بازاڕ و هه‌لی كار رایگه‌یاند: "ئێمە لەسەرەتای ئەم کابینەیەدا، کارمان بۆ هەمەجۆرکردنی ئابوری و بایەخدان بە گشت کەرتەکان کرد، بۆ ئەوەی تەنیا پشت بە سەرچاوەیەکی داهات نەبەستین، بەتایبەتی گرنگییەکی زۆرمان بە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ داوە و لەم روەوە تا ئێستا چەندین پڕۆژەمان ئەنجام داوە،

ناوبراو وتیشی: بەڵام ئاشکرایە پاش ماوەیەکی کەم لە دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان، دووچاری چەند قەیرانێکی سەختی تەندروستی و ئابووری بوونەوە. وەک بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتە نێگەتیڤەکانی و بەتایبەتی دابەزینی نرخی نەوت له‌و كاته‌دا لە بازاڕەکانی جیهاندا، هەروەها نەناردن و دواکەوتنی خەرجکردنی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، كه‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌، کاریگەریی نەرێنی لە سەر هەموو بوارەکانی ژیاندا دروست کرد. ئەم قەیرانانە، کێشە و گرفت و تەحەدای گەورەی نەک هەر بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ وڵاتانی زلهێزی خاوەن ئابووریی و پیشەسازی گەورەی جیهانیش دروست کرد و سیستەمی دارایی و ئابووریی ئەو وڵاتانەی دووچاری داڕمان و زیانی گەورە کردووە.

بارزانی ڕاشیگەیاند: بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانەش، ئێمە هەرگیز لە کارکردن و پێشکەشکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاریی و ستراتیجییەکان نەوەستاوین و بەپێی توانای دارایی بەردەست، بەردەوام بووین و لەماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، لە بوارە جۆراوجۆرەکان ئەنجامدراوە، وەک رێگاوبان، پیشەسازی ، کارەبا، کشتوکاڵ و گەشتوگوزار، کە هەندێکيان جێبەجێکراون و تەواوبوون و هەندێکیشیان ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردندان. بێگومان بەشێک لە پڕۆژەکان بە هاوبەشی لەنێوان هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت ئەنجامدراون، کە لێرەدا سوپاسی کەرتی تایبەت دەکەم، کە بە هەماهەنگی و هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی رابردوودا پڕۆژەی گرنگیان ئەنجامداوە و حکومەتیش هەر ئاسانکارییەکی پێویست بێت، پێشکەشی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی دەکات بۆ ئەوەی بەشداربن لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان. لە هەمانکاتدا حکومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەک، پاڵپشت و هاوکاری گەنجان و خاوەن پڕۆژە بچووکەکان لە بوارەکانی پیشەسازی و بازرگانی و داهێنان لە هەموو روویێکەوە دەبێت.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێم درێژەی دا هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان راده‌سپێرم، بۆ لابردنی به‌ربه‌سته‌كان و ئه‌و له‌مپه‌رانه‌ و ئاسانكردنی زیاتر بۆ پێشخستنی كه‌رتی پیشه‌سازی، ئێمە هەمیشە لە سەردانەکانمان بۆ دەرەوە و دیدارەکانمان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتان، یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆکانمان، ئالوگۆڕی بازرگانی و پێشخستنی ئابووری و دۆزینەوەی بازاڕبووە بۆ بەرووبووم و بەرهەمە ناوخۆییەکان و هەروەها رەخساندنی هەلی کاربووە بۆ گەنجەکانمان لە رێگەی هاندان و راکێشانی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنانی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان و هەروەها سوودوەرگرتن لە ئەزموون و شارەزایی وڵاتە پێشکەوتووەکان لە پێناو بنیاتنانەوە و گەشەپێدانی ئابووری هەرێمی کوردستان.

ناوبراو وتیشی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پلان و بەرنامەی گرنگ و تۆکمەی هەیە، بۆ بایەخدان بە کەرتی پیشەسازی، بە تایبەتی لە بوارەکانی پیشەسازی خۆراک و پێترۆکیمياوی و پیشەسازی کانزاکان و دابینکردنی ماددەی خام بۆ پیشەسازی بچووك و مامناوەند و دروستکردنی چەند ناوچەیەکی پیشەسازی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان.

مەسروور بارزانی جەختی لەوە کردەوە: بێگومان بەدیهێنان و جێبەجێ کردنی هەموو ئەو پڕۆژانە بە پلەی یەکەم بەندە بە هەبوونی سەقامگیریی سیاسی لە عێراق بە گشتی و هەبوونی پەیوەندییەکی باش و دۆستانە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، کە ئێمە پێمانوایە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان، لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتیانی عێراقدایە و پێویستە بەو چاوەوە خوشک و برایانمان لە عێراق، سەیری پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان بکەن نەک بە پێچەوانەوە، هەوڵی ئاستەنگ و کێشە و گرفت دروستکردن بدەن بۆ هەرێمی کوردستان. ئێمە بەو داهات و توانا داراییە سنووردارەی بەردەستمان، ئەو پێشکەوتنەمان لە کوردستان دروستکردووە، کە لە هەموو بوارەکاندا جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق هەیە. بەڵام بەداخەوە لە جیاتی پشتیوانیکردن و دەستخۆشیکردن، هەندێک لایەن هەوڵی وەستاندن و سزادانی هەرێمی کوردستان دەدەن.

بارزانی وتیشی: بۆیە هیوادارم ئەوانەی بیر لە تێکدانی پێشکەوتنی کوردستان دەکەنەوە، کەمێک بیر لەوەش بکەنەوە ئەو هەموو شەڕ و وێرانکارییەی لە ساڵانی رابردوودا لە عێراق روویاندا چ قازانجێکی بە خەڵکی عێراق گەیاند و ئەگەر ئەو هەموو توانا و داهاتەی عێراق لە جیاتی شەڕ و وێرانکاری و ململانیێی سیاسی لە خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوە و پێشکەوتنی عێراق بەکارهێنرابووایە، ئێستا دڵنیاین عێراق یەکێک لە وڵاتە پیشەسازییە پێشکەوتووەکانی ناوچە و جیهان ده‌بوو.

لە کۆتاییدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد: ئێمە لێرەدا دووپات دەکەینەوە کە خوازیاری باشترین پەیوەندین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و بە هەموو شێوەیەکیش داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانمان دەکەین لەپێناو زیاتر پێشخستنی هەرێمی کوردستان و سەقامگیربوونی ئاشتی و ئارامی لە هەموو عێراق.

News Code 5322

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha