وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه 1400 پارچه‌ چه‌کی نایاسایی زه‌وت ده‌کات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕێگه‌ی لیژنه‌یێكی تایبه‌ته‌وه‌ ‌1400 چه‌کی نایاسایی زه‌وت کرد و ئه‌و چه‌کانه‌ی له‌ناو برد.

کوردپرێس:

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌ ڕێگای به‌یاننامه‌یێکه‌وه‌ ڕایگه‌یاند که‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوی ئه‌و بڕیاره‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ سه‌باره‌ت به‌ له‌ناوبردنی چه‌کی قه‌ده‌غه‌کراو‌یان جێبه‌جێ کرد و ئه‌و چه‌كه‌ ده‌ستگیركراوانه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌یێكی تایبه‌تی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه‌ له‌ كارگه‌ی تواندنه‌وه‌ی ئاسن له‌ هه‌ولێر له‌ناو بران و چه‌كه‌كان نزیكه‌ی 1400 پارچه‌ چه‌كی ئاسایی و چه‌كی ڕاوكردن بوون و به‌شێک له‌و چه‌كانه‌ له ‌ناوخۆی هه‌رێم و به‌شێكی دیكه‌شیان له‌سه‌ر سنووره‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرابوو كه‌ خاوه‌نه‌كانیان به‌نیاز بوون‌ به‌ ڕێگه‌ی قاچاغ بیانهێننه‌ ناو هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد که‌ له‌ دوای ئه‌و بڕیاره‌وه‌‌ تا ئێستا سه‌دان پارچه‌ چه‌كی كۆن و نوێ -كه‌ زیاتر چه‌كی ڕاوكردن و ژماره‌یێكی كه‌م چه‌كی ئاسایی بوون- له‌لایه‌ن داموده‌زگاكانی ئاسایش و پۆلیسی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ زه‌وت کراون.

هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ش کراوه‌ که‌ به‌ گوێره‌ی ‌بڕیاره‌كه‌، ئه‌و چه‌كه‌ قورس ‌و مامناوه‌ندانه‌ی‌ ڕاده‌ست ده‌كرێن یان ده‌ستیان به‌سه‌ردا ده‌گیرێت له‌ ڕێگه‌ی لیژنه‌یێكی تایبه‌تمه‌ند و به‌ ڕێكارێكی یاسایی ڕاده‌ستی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌كرێن.

ئه‌مه‌ له ‌کاتێکدایه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی حکوومه‌تی هه‌رێم ڕێکه‌وتی (10ی شوباتی 2019) ڕای‌گه‌یاند که‌ پڕۆسه‌ی چه‌کداماڵین ده‌ست پێده‌کات و ده‌ستبه‌سه‌ر هه‌موو چه‌کێکیشدا ده‌گیردرێت جگه‌ له‌ ده‌مانچه‌ و کڵاشینکۆف.

ئه‌م هه‌واڵه‌ له‌ ئێن ئاڕتی وه‌رگیراوه‌

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53133

Your Comment

You are replying to: .
captcha