لافاوه‌که‌ی کرماشان 1560 ملیار تمه‌ن خه‌ساری لێکه‌وته‌وه‌

به‌شی کرماشان- لێپرسراوی گشتیی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی قه‌یرانی پارێزگای کرماشان ڕای‌گه‌یاند: دوایین هه‌ڵسه‌نگاندن و ڕاپۆرته‌ کارناسییه‌کان که‌ له‌لایه‌ن ڕێکخراوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و به‌رنامه‌ڕێژی و جێگری کاروباری ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی پارێزگارییه‌وه‌ په‌سه‌ند کراوه‌، خه‌ساری لافاوه‌که‌ی ئه‌مدواییه‌ی کرماشان 1560 ملیار تمه‌ن خه‌ملێندراوه‌ که‌ بۆ ڕێکخراوی قه‌یرانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی وڵات نێردراوه‌.

به‌پێی هه‌واڵی هه‌واڵنێری کوردپرێس، جه‌لیل باڵایی گوتی: ڕاپۆرتی کارناسان باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ لافاوه‌که‌ی کرماشان 1560 ملیار تمه‌ن خه‌ساری لێکه‌وتۆته‌وه‌ و زۆرترین خه‌سار له‌ به‌شی ژێرخانی جاده‌ی سه‌ره‌کی و گوند و پرده‌کان 460 ملیار تمه‌ن خه‌ملێندراوه‌ و دواتر له‌ به‌شی وزه‌ بریتی له‌ ئاو، کاره‌با، گاز و ڕووباره‌کان 389 ملیار تمه‌ن، به‌شی کشتوکاڵ 386 ملیار تمه‌ن، ژێرخانی شاره‌وانی و دێیارییه‌کان 150 ملیار تمه‌ن و دیکه‌ی داموده‌زگاکان 175 ملیار تمه‌ن به‌راورد کراوه‌ که‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌وباره‌وه‌ ئاگادار کراونه‌ته‌وه‌.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ ئاستی خه‌ساری لافاو له‌ بیناکانی نێشته‌جێبوون ڕاشی‌گه‌یاند: تیمی هه‌ڵسه‌نگاندنی بونیادی مه‌سکه‌نی شۆڕشی ئیسلامی له‌ دوایین ڕاپۆرتیدا باسی له‌وه‌ کردووه‌ 2 هه‌زار و 185 یه‌که‌ی نێشته‌جێبوون به‌ بۆنه‌ی بارانبارینی به‌خۆڕ و لافاوه‌وه‌ ڕووخاون که‌ ئه‌م خانووانه‌ شیاوی نیشته‌جێبوون نیین و ده‌بێ چێ بکرێنه‌وه‌.

لێپرسراوی گشتیی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی قه‌یرانی پارێزگای کرماشان گوتیشی: ده‌بێ پڕۆسه‌ی چاککردنه‌وه‌ بۆ 1027 یه‌که‌ی نیشته‌جێبوون ئه‌نجام بدرێت و لافاوه‌که‌ که‌لوپه‌لی پێویستی ژیانی 920 بنه‌ماڵه‌ی له‌ناو بردووه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52952

Your Comment

You are replying to: .
captcha