په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌: ستراتێژیی‌ HDP له‌ هه‌ڵبژاردن شکستی به‌ هاوپه‌یمانیی AKP-MHP هێنا

به‌شی تورکیا- نوێنه‌ری دیاربه‌کری HDP له‌ په‌رله‌مانی تورکیا باس له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌کان ده‌کات و ده‌ڵێت: ستراتێژیی‌ HDP له‌ هه‌ڵبژاردن شکستی به‌ هاوپه‌یمانیی AKP-MHP هێنا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕه‌مزیه‌ تۆسۆن نوێنه‌ری دیاربه‌کری پارتی دیموکراتی گه‌لان (HDP) له‌ په‌رله‌مانی تورکیا له‌ لێدوانێکدا ئاماژه‌ی به‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌کانی 2019 له‌و وڵاته‌ کرد و گوتی: عه‌قڵییه‌تی قه‌یووم شکستی هێناوه‌. به‌ بۆنه‌ی عه‌قڵییه‌تی خه‌ڵک‌سالاریی ناوچه‌که قه‌یوومه‌کانی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی تورکیا له‌ شاره‌وانیی ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی ئه‌و وڵاته شکستیان خواردووه‌. ده‌وڵه‌تی تورکیا نه‌یتوانی ده‌رک به‌ سه‌رکه‌وتنی ئێمه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی 2014ی زایینی بکات هه‌ر بۆیه‌ سیاسه‌تی دانانی قه‌یوومی په‌یڕه‌و کرد به‌ڵام پاش سه‌رکه‌وتن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی 31ی ئاداری 2019 جارێکی‌تر داموده‌زگا و ڕێکخراوه‌کانمان ئیداره‌ ده‌که‌ین.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ هه‌وڵه‌کانی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی بۆ سه‌رکه‌وتن له‌ دیاربه‌کر و سوور گوتیشی: پارتی داد و گه‌شه‌ هه‌رچی له‌ توانایدا بوو به‌کاری هێنا به‌ڵام هه‌ده‌په‌ سه‌رکه‌وتنی مسۆگه‌ر کرد و زیاتر له‌ 60 له‌سه‌دی ده‌نگه‌کانی وه‌ده‌ستهێنا. خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ له‌سه‌ر داوای مانگرتووان و بۆ کۆتایی‌هێنان به‌ گۆشه‌گیریی سه‌ر عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان و هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شاره‌وانییه‌کانیان چووینه‌ سه‌ر سندۆقی ده‌نگدان. ده‌بێ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی ئه‌م داواکارییانه‌ له‌به‌رچاو بگرێت و جێبه‌جێیان بکات.

ناوبراو له‌ کۆتاییی لێدوانه‌کانیدا ئاماژه‌ی به‌ ستراتێژیی HDP له‌م خوله‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان کرد و ڕاشی‌گه‌یاند: ستراتێژیی‌ HDP له‌ هه‌ڵبژاردن شکستی به‌ هاوپه‌یمانیی AKP-MHP هێنا. سه‌ره‌ڕای پێشێل‌کردنی یاسا و ساخته‌کاریی به‌رفراوانی پارتی ده‌سه‌ڵاتدار ئه‌نجامه‌ به‌رایییه‌کانی هه‌ڵبژاردن باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ HDP توانیویه‌تی 69 شاره‌وانی وه‌ده‌ست بهێنێت له‌وان شاره‌وانیی 3 گه‌وره‌شاری وان، دیاربه‌کر و ماردین.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی ئۆرنسه‌ل

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52949

Your Comment

You are replying to: .
captcha