وردەکاریی هێنانی دەرمانی ساختەی شێرپەنجە بۆ هەرێم لەلایەن کۆمپانیایێکەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هەردوو پەرلەمانتار، عەلی حەمەساڵح و ئەبوبەکر هەڵەدنی سکاڵایان لەسەر کۆمپانیایەکی دەرمان تۆمارکرد و دەڵێن، ماوەی حەوت ساڵە دەرمانی ساختەکراوی شێرپەنجە بۆ نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە دابین دەکات.

کوردپرێس: دەقی سکاڵاکەی عەلی حەمەساڵح و ئەبوبەکر هەڵەدنی لەسەر ئەو کۆمپانیایە حەوت ساڵە دەرمانی ساختەی شێرپەنجە هاوردە دەکات:

بەرێز/ داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان

بابەت: جووڵاندنی سکاڵای یاسایی

سڵاو و رێز...

ماوەی حەوت ساڵە، کۆمپانیای "دلێر فارما" کە کۆمپانیایەکی خوماڵی دەرمانی ساختەکراوی شێرپەنجە بۆ نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە دابین دەکات.

ئەم کۆمپانیایە، دەرمانی کۆمپانیا جیهانیەکانی ساختەکردووە و هەموو بەڵگەنامەکانی ئەو کۆمپانیانەی ساختەکردووە، یەکێک لەو کۆمپانیانە (Novartis) سویسریە، کە بەنووسراوی فەرمی دەڵێ‌: هەموو بەڵگەنامەکانی لەلایەن ئەم کۆمپانیایەوە ساختەکراوە.

بەبڕیاری حکوومەتی هەرێم، کاتێک کۆمپانیایەک دەرمانی نەخۆشی شێرپەنجە دەهێنێت داوای ناسنامەی دەرمان(COA) لێدەکرێت بۆ ئەوەی بزاندرێت ئەو دەرمانە سەلامەت و باوەڕپێکراو چارەسەرە،بەڵام ئەم کۆمپانیا دەرمانی ساختەی هێناوەو بەڵگەنامەی کۆمپانیا جیهانیەکانی هێناوەو دوای حەوت ساڵ لەم کارە پێی وتراوە ئەمە ساختەیە.

هەرچەندە لە3/12/2020ەوە کوالێتی کۆنتڕۆ داوای لێکۆڵینەوەی لەکاروباری ئەم کۆمپانیا کردووە، بەڵام تائێستا ئەم کۆمپانیا سرا نەدراوە.

لای خۆیەوە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەمبارەوە ڕاگەیێمدراوێکی بڵاو کردۆتەوە:

ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی

لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بابەتی دەرمانێكی ساختە لەلایەن پەرلەمانتارێكی بەڕێز بڵاوكرایەوە کە ڕەوانەی داواکاری گشتی کردووە لەلایەن ئەو بەڕێزەوە.

ئێمە لە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕای گشتی و هاوڵاتیانی خۆشەویست ڕووندەكەینەوە کە ئەم دۆسیەی دەرمانی ساختەیە هەر بە چاوساغی و چاودێری كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان و پێداویستیی پزیشكی(KMCA) وەزارەتمان ماوەی نزیکەی ساڵێک بەر لە ئێستا ئاشکرا کرا و دەستبەجێ ڕێکارەکانی یاسایی و دەستبەسەرداگرتن و ڕاگرتنی کۆمپانیا و لێكۆڵینەوە بەچاودێری دادوەری داواكاری گشتی ئەنجامدراوە و دۆسیەکە تەواو ساغ بوویتەوە کە دەرمانێکی ناڕەسەن و ساختەیە و ڕەوانەی دادگا کراوە.

بۆیە دووپاتی دەکەینەوە ئەم ڕێکارە نوێ نیە بەڵکو زووتر جێبەجێ کراوە، ئومێدەواربووین ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزە و هەر کەس و لایەنێکی دیکە پێش نووسین و قسەکردنی لە سۆشیاڵ میدیا بانگەشەی ئاشكراكردنی بكات بەدوای ڕاستی و دروستی ڕێکارەکان بووایە کە ئایا لە وەزارەتی تەندروشتی هیچ ئیجرائاتێک کراوە یان نا نەوەک بێ گەڕانەوە بۆ پرسیاركردن بکرێتە بابەتی میدیایی.

هاوڵاتیانی خۆشەویست دڵنیا دەكەینەوە کە ئەم كۆمپانیایە و چەند كۆمپانیایەكی دیکە كە كاری ساختەکردنی دەرمانی ئەنجامدابێت ڕێكاری یاسای گیراوەتە بەر و سزای ڕاگرتنی کار و هەڵوەشاندنەوەی کۆمپانیا و ڕەوانەکردنی دادگا كراوە بەتایبەتی لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوو دوای پێداچوونەوە و بەڕێوەچوونی قۆناغەکانی چاکسازیکردن لە جۆر و کوالیتی دەرمان و گەڕان و پشكنین و بەدواداچوونی یەكێک لە ئەركە پیویستیەکانی ڕۆژانەی تیمەکان بووە بێ ئەوەی بکرێتە بابەتی میدیایی و بانگەشەکردنچەندین کۆمپانیا و دامەزراوەی پزیشکی ڕێکاری یاسایی بەرامبەر وەرگیراوە.

News Code 5287

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha