هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا دەستیپێکرد

بەشی تورکیا- کاتژمێر ٧ی ئەمڕۆ ٣١ی ئازار هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە ٣٢ پارێزگا دەستپێکردووە و کاتژمێر ٨یش لە ٤٩ پارێزگاکەى تری ئەو وڵاتە دەستیپێکردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ دەنگدەرانى تورکیا بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى شارەوانیی شار و شارۆچکەکان، روو لە بنکەکانى دەنگدان دەکەن و وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەش ڕێوشوێنی ئەمنی توندی گرتووەتەبەر.

ژمارەى دەنگدەران نزیکەى ٥٧ ملیۆن کەس دەبێت و ١٣ پارتى سیاسیش بە نزیکەى نیو ملیۆن کاندیدەوە کێبڕکێ دەکەن لەسەر وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى شارەوانییەکان.

لەم هەڵبژاردنەدا کاندیدەکان کێبرکێ دەکەن بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆکى شارەوانى لە ٣٠ شارى گەورە و هەزار و ٣٥١ ناوچەى ئیدارى، لەگەڵ وەرگرتنى هەزارو ٢٥٠ پۆستى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگا لەگەڵ ٢٠ هەزار و ٥٠٠ ئەندامى ئەنجومەنى شارەوانى.

له ‌هەڵبژاردنەکەدا ملیۆنێک و ١٥٦ هه‌زار ده‌نگده‌ر بۆ یه‌كه‌مجار ده‌چنه‌سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگ ده‌ده‌ن.

دیارترین ئەو پارتانەى ململانێی بەدەست هێنانى زۆرترین شارەوانى دەکەن، پێکهاتوون لە ئەکەپە، جەهەپە، ئی پارتی، هەدەپە، مەهەپە، کە بە سێ هاوپەیمانێتى جیا بەشدارى هەڵبژاردن دەکەن.

هاوکات وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، بۆ رێگریکردن لە دروست بوونی بۆشایی ئەمنی لە هەڵبژاردنەکاندا، لە بەشێکی ناوچەکان بەھۆی ھەلومەرجی جوگرافی، شەش ھەزار و ٤٤٩ فەرمانبەر لە زیاتر لە ١١ پارێزگای جیاواز لە ئەرکدا دەبن.

وتیشى رۆژی ھەڵبژاردن ٥٥٣ ھەزار فەرمانبەر لە ئەرکی خۆیان دەبن و شەش ھەزار و ٧٤٥ زرێپۆش و ١٢٦ ھێلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و ٢٩٤ ئامێری دەریایی بەکاردەھێنرێن بۆ پاراستنى ئاسایش.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 52829

Your Comment

You are replying to: .
captcha