بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شێخ مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی گشتیی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ساڵانە لە ئۆکرایناوە بایی نزیکەی 50 بۆ 100 ملیۆن دۆلار کاڵا هارودە دەکرێت و زۆر لەو کاڵایانە لە وڵاتانی دیکەشەوە هاوردە دەکرێن، بۆیە کاریگەریی لەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستان نابێت.
ناوبراو وتیشی: "شەڕی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا درێژەش بکێشێت هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هاوردە و ناردنی کاڵا و شتومەک و ئابووریی هەرێمی کوردستان نابێت، چوونکە ئێمە ساڵانە لە ئۆکرایناوە ژمارەیەک کاڵا هاوردە دەکەین، ئەو کاڵایانە لە وڵاتی دیکەشەوە هاوردە دەکرێن، بۆیە شەڕەکە کاریگەریی دروست ناکات".
سەبارەت بەو کاڵایانەی، کە لەئۆکرایناوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، شێخ مستەفا عەبدولڕەحمان گوتی: "هەرێمی کوردستان لەو ئۆکرایناوە ژمارەیەک کاڵا هاوردە دەکات لەوانە ئاژەڵی زیندوو، زەیت، گەنم و جۆ، شوکولاتە، گوێز، پاککەرەوە، خەڵووز، لەبەر ئەوەی ئەو کاڵایانە لە تاجیکستان، ئەرمینیا، رۆمانیا، بولگاریا و ئیندۆنیزیاش هاوردە دەکرێن، بۆیە کێشەمان بۆ دروست نەبووە و بازرگانانی ئێمە لە ئەنجامی ئەو شەڕە زیانیان بەرنەکەوتووە".
سەرۆکی گشتیی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، باسی لەوەشکرد چەند جارێک هاتووچۆی بازرگانی لەنێوان بازرگانانی ئۆکراینا و هەرێمی کوردستان هەبووە و بازرگانانی هەرێمی کوردستان بەشداریی چەند پیشانگەیەکی بازرگانییان لەو وڵاتەدا کردووە و سەردانی شوێن و ناوچە پیشەسازییەکانیان ئەو وڵاتەیان کردووە.
سەبارەت بەوەی هەرێمی کوردستان هیچ هەناردەیەکی بۆ ئۆکراینا هەیە، شێخ مستەفا عەبدولڕەحمان روونیکردەوە: "ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەناردەمان هەبووە بۆ هەندێک لە وڵاتان هەبووە، بۆ نموونە هەنار، پەتاتە و هەنگوین رەوانەی وڵاتانی قەتەر و سعوودیە و بەریتانیا و ئیمارات کراون، بەڵام بۆ ئۆکراینا هیچ بەرهەمێکمان هەناردە نەکردووە".
Your Comment