بەپێی هەواڵی کوردپرێس محەمەد فەلاحی قایمقامی شاری بانە لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: کێشەی کرانەوەی دەروازەی سەیرانبەندی بانە پێوەندیی بە ناڕەزاییی دەوڵەتی ناوەندیی عێراقەوە هەیە و وەزارەتی دەرەوەی ئێران و ئیدارەی پارێزگاریی کوردستان گفتوگۆی ڕاگۆڕینەوەی لەگەڵ بەغدا کردووە و لە ئەنجامدا دەوڵەتی فیدراڵی عێراق ڕازی بووە بەوەی لە دەروازەی سنووری سەیرانبەندەوە هاتوچۆی گەشتیار ڕێگەپێدراو بێت.
ناوبراو زیادی کرد: دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لەم ماوەیەی دواییشدا بە پارێزگاری سلێمانیی وتووە ڕازییە بە کردنەوەی خاڵی سنووریی سەیرانبەند بۆ هاتوچۆکردنی گەشتیارانی ئێران و هەرێمی کوردستان.
قایمقامی بانە ئەوەشی زیاد کرد: کاتی کرانەوەی خاڵە سنوورییەکە هێشتا ئاشکرا نەکراوە و پێویستە هەردوو لا لە سەر کاتی کرانەوەی مەرزەکە ڕێکبکەون.
دەروازەی سنووری سەیرانبەند دەکەوێتە نێوان دوو پارێزگای کوردستانی ئێران و سلێمانیی هەرێمی کوردستان و ئێستاش بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی کراوەیە و ڕۆژانە 150 بۆ 200 لۆری لەو سنوورەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەنجام دەدەن و هاتوچۆکردنی گەشتیارانیش لەو دەروازە سنوورییەوە ئاسانکاری بۆ گەشەکردنی پێوەندیی ئابووری و کەلتووریی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی ئێران.
Your Comment