کوردپرێس:
لەم ڕۆژانەدا کە قۆناغی گەڕانەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران تێدەپەڕێت قەیرانی دارایی و کێشە ئابوورییەکان وای کردووە هاووڵاتییانی کوردستان هەست بە گوشاری زیاتر بکەن لەبەر ئەوەی پارێزگای کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە عام لە باری پڕۆژە ئابوورییەکانەوە کەم دەستتر و بێبەشتر بوون.
لەو دۆخە قەیراناوییەدا هاووڵاتییانی کوردستان بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکانیان ناچار بوون ڕوو بکەنە دەستفرۆشی و لە هەموو شارێکی کوردستاندا دیاردەی دەستفرۆشی و مێوە و سەوزەفرۆشی پەرەی سەندووە و سیمای خەسارێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری بە ئاشکرا بە نێوچاوانی ناوچە کوردنشینەکانەوە دەردەکەوێت.
سەیر ئەوەیە ئەمڕۆکە چینی خوێنەوار و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکانیش چاریان ناچارە ڕوو بکەنە ئەو جێگا و شوغڵانەی هیچ لەگەڵی ناگونجێن. زۆر جار لە میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەبینین یان دەیخوێنینەوە کە گەنجە کوردەکانی ئێران لە بەر هەژاری و بێکاری ناچار بوون کۆڵبەری بکەن یان دەستفرۆشی بکەن یان ڕوو بکەنە ئەو کارانەی کە لە ڕووی ناچارییەوە دەکرێن و زۆر جار داهاتیشی ئەوەندە نییە کە پێداویستییە سەرتاییەکانی ژیانیشی پێ دابین بکرێت. دەستفرۆشی بە هەموو خەسارەکانیەوە لانی کەم ئەوەندەی تێدایە کە شەرەف و کەرامەتی تاکی کۆمەڵگای تێدا پارێزراو دەبێت و هیچ نەبێت تاکی بێکار کە ڕوو دەکاتە دەستفرۆشی یان کۆڵبەری یان چۆنەر و باقلە و نۆکاو فرۆشتن (کە تەنها لە بەر ناچاری دەکرێت) خۆی لەو دیاردە کۆمەڵایەتییانە دوور خستۆتەوە کە وەکوو تاوان یان بەلاڕێداچوون ناسراون.
ئەگەرچی بەرپرسانی حکوومی دەڵێن ڕێژەی بێکاری لە 15 بۆ 20 لە سەدە بەڵام داتا و ئامارەکان لە کوردستان زۆر زیاتر لەو ڕێژەیە پیشان دەدەن و بەپێی ئامارەکان ڕێژەی بێکاری بەگوێرەی وەرزەکان دەگاتە 40 لە سەد و بگرە زیاتریش.
لە زۆربەی شەقامەکانی شارەکانی کوردستاندا کەلانە و نۆکاو و مێوە و وردەواڵە و جلوبەرگ و هەموو جۆرە پێداویستییێک بەسەر شەقامدا یان لە سەر عارەبانەکان بڵاو کراوەتەوە و لە چلەی زستاندا بەو سەرما و کڕێوە هەر کەسەو یەک مەتر یان زیاتری لە شەقامەکە بۆ خۆی داناوە و بەدیار شتێکەوە وەستاوە بیفرۆشێت و ئەوەش لە کوردستان ناوی لێنراوە کاری ڕۆژانە و سەرچاوەی داهاتی تاکێکی ئەو کۆمەڵگایە کە ڕەنگە چەند کەسی بنەماڵەکەی لە ماڵەوە ئێواران چاوەڕێی داهاتی ڕۆژانەی ئەو دەستفرۆشە بن.
لە نێو دەستفرۆشەکاندا لە قوتابیی 15 ساڵانەوە تا ڕیش سپیی 70 ساڵان هاوار بۆ شتێک دەکەن بەڵکوو ڕێبوار یان گەشتیارێک شتێکیان لێ بکڕێت. هەموو جۆرێکی تێدایە. لە نەخوێندەوارەوە تا دوکتۆرا و لە منداڵەوە تا پیر بە ژن و بە پیاوەوە. هەندێکیان ناچار بوون واز لە خوێندن بهێنن. یەکیان ژمێریار بووە و کۆمپانیاکەیان داخراوە و دەرکراوە. یەکیان لە تاران کرێکاریی کردووە و ئەڵێت چیتر لە غوربەت ئیدارەی نەکردووە و گەڕاوەتەوە لە نێو ژن و منداڵەکەی خۆیدا کەم بخوات و کز بنیشێت. یەکیان قەرزی بانکی هێناوە و دەبڵێکی پێ کڕیوە و مێوەی لە سەر دەفرۆشێت... زۆر زۆرن لەوانەی ناچار کراون ڕوو بکەنە ئەو شوغڵەی هیچی تێدا نییە و لە ناچاریدا دەکرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە ئێران یەکێکە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش. چ لە باری سامانی سروشتییەوە و چ لە باری تەکنیکی و زانستییەوە. بەڵام قەیرانی دارایی و گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران گرفتی قووڵی بۆ کەرتی ئابووری دروست کردووەن نەخوازەڵا لە کوردستان کە پێش گەمارۆکانی ئەمریکاش ئیهمال کرابوو و خەمساریی دەوڵەت و سیستەمی حکومڕانی بەرانبەر بە کوردی ئێران بەردەوام یەک لە تانە سەرەکییەکانی ڕۆشنبیران و چالاکانی مەدەنی و هەڵسووڕاوانی سیاسیی کورد بووە. ئەوەش لە کاتێکدا دەوڵەتی ئێستای ئێران مەدیوونی دەنگی کوردە و لە هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەی سەرۆکایەتیی کۆماردا ناوچە کوردنشینەکان دەوری تایبەتی بینی لە سەرکەوتنی حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئێران.
کوردستان دەروازەی دەربازبوونی ئێران لە قەیرانی دارایی
کەم نین ئەو دەرفەتانەی دوڵەت و دامودەزگا پێوەندیدارەکان دەتوانن بۆ پێشخستنی دۆخی ئابووری و باشترکردنی ژیانی هاووڵاتییان کەڵکی لێوەربگرن. لەم دۆخە قەیراناوییەدا چیتر کاتی ئەوەیە متمانە بەو هاووڵاتییە کوردانە بکرێت کە بەردەوام لە مەیداندا بوون و یەکێکن لە جومگە سەرەکییەکانی نەتەوەکانی ئێران. ئەمڕۆ کاتی ئەوەیە بەرپرسان بەخۆیاندا بێنەوە و ئەگەر لاجەی بەخۆدا هاتنەوەشیان نییە با مەیدان بسپێرن بەوانەی دەتوانن مشوورێکی ئەو خەڵکە بخۆن. ئەو هەلەی لە کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی کرماشانیش و ئازەربایجانی ڕۆژئاواش و ئیلامیش ڕەخساوە لە هیچ پارێزگایێکی دیکەی ئێراندا نییە. ئەمڕۆکە چیتر کاتی ئەوە نییە بەرپرسان ئیلتیزام بە کۆمەڵێک یاسای ناحەزەوە بکەن کە بەرتەسکی و وەستان دروست دەکەن. سنوورەکانی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان ئەو دەرفەتە زێڕینە دەڕەخسێنێت کە ئێران لەم دۆخە چەقبەستووە ڕزگار بکات یان لانی کەم ئاسانکاری بۆ چارەکردنی کێشە داراییەکان بکات. ئەرکی پارێزگار و بەرپرسانی باڵای ئەنجومەنی پارێزگای و کاربەدەستانی ئەمنی و سیاسی و ئابوورییە تەگبیرێک بۆ دەروازە سنوورییەکان بکەن. ئاسانکاری بۆ بازرگانان و سەرمایەدانەران بکەن. کەرتی پیشەیی و وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە بێ سنوور و بە بێ یاسای نەخوازراو بە هەموو تواناوە پەرە پێبدەن. دەرفەت بخولقێنن و ئەو قەیرانە بکەنە دەرفەت. بازاڕچە سنوورییەکان کارا بکرێنەوە تەنانەت دەروازەی نوێیش بکەنەوە. هەموو مەرزە لاوەکییەکان بۆ ناردن و هاوردنی کاڵا بکرێنەوە. متمانە بە گەل و بە کاربەدەستانی خۆجێیی بکرێت و ناوچەی تایبەتی پیشەیی و وەبەرهێنان بکرێتەوە. زۆر هەنگاوی کرداری هەن کە دەرفەتن و دەبێت کوڕی خۆی بێتە مەیدان و بیکات.
ئاوڕدانەوە لە کەرتی جووتیاری و چێوداری دەرفەتێکی زێڕینی دیکەیە کە دەبێت لە کوردستان سەرنجی بخرێتە سەر. با بانکەکان مولزەم بکرێن کە قەرزی بانکی بە گوندنشینان بدەن. با پشتگیریی جووتیاران بکرێت و فەلا ناچار نەبێت تەنانەت بنە تووەکەشی بفرۆشێت بۆ ئەوەی زستان بیخوات و ساڵی لێهەڵگەڕێتەوە. ئیدارەی کشت و کاڵ خەمسارد نەبێت لە ئاسانکاری کردن و ڕاهێنانی جووتیاران و پەرەپێدانی کشتوکاڵی میکانیزە و پێشکەوتوو. بە هەمان جووتیاری و چێواری بەشێکی هەرەزۆری پێداویستییە سەرەتاییەکان دابین دەکرێت بەو مەرجەی لە شێوازە نەریتییەکەی دەربێت و بەرهەمی پێویستی لێ دروست بکرێت و کەسی شارەزا و شایستە و لێزان ببێتە کارگێڕ و بڕیاردەری کارەکە.
Your Comment