بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە کۆڕبەندی سەنتەری نالیا بۆ سیاسەتە گشتییەکان رایگەیاند: "بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دەستوورییە و لە دەستووردا نووسراوە کە سامانە سروشتییەکان موڵکی تەواوی عێراقییەکانە و دەرهێنانی نەوت لە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدڕاڵییە".
ناوبراو دەشڵێت: "بۆ لەمەودوا دەبێت بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیدا دەکەین".
بڵێسە جەبار فەرمان ئاماژەی بەوەش کردووە، "شاندی لایەنێکی هەرێم چوونەتە وڵاتێکی دراوسێ تا غازی هەرێم وەک نەوت هاوردە بکرێت ئەمەش هۆکارێک بووە لە دادگا ئەم بڕیارە بدرێت".
ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی باسی لەوەش کردووە، "دەمانزانی کە رۆژێک حکوومەتی عێراق بە هەرێم دەڵێت، بەسە و نابێت لەمە زیاتر بەمجۆرە نەوت بفرۆشن".
ناوبراو دەشڵێت، "گرێبەستەکان و دۆسیەی نەوتی هەرێم ناشەفافن و سەرکەوتوو نەبوون".
ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی روونیشتی کردەوە: "ئەم ناتەباییەی لە هەرێمدا بوونی هەیە زیانی زیاتر لە هەرێمی کوردستان دەدات و لەو بڕوایەدام کە لە ماوەکانی داهاتوودا لە دادگای فیدڕاڵییەوە بڕیاری دیکە لە دژی هەرێم بدرێت".
ناوبراو راشیگەیاندووە: "ئەو لێدوانانەی هەرێم کە باس لە نادەستووری بوونی بڕیارەکەی دادگا دەکەن باش نییە، بەڵکوو دەبێت بزانین کە دواتر چۆن کار لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دەکەین".
بڵێسە جەبار فەرمان دەشڵێت: "هێشتا درەنگ نییە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و دەبێت بزانین چیمان لە بەغدا دەوێت".
بڵێسە جەبار فەرمان، راشیگەیاندووە: "رۆژێک بەغدا بە دراوسێ دەزانین رۆژێک بە نێوەندی ستراتیژ دەزانین ئەمە وادەکات لاوازبین".
Your Comment