بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کەمال کڵیچدار ئۆغڵو سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری تورکیا لەمیانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان لەشاری ئەنكەرەی پایتەختی تورکیا وتی: "دەبێت سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکرێت و بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لەوبارەیەوە جێبەجێ بکرێت".
ناوبراو هۆشداریی به حكوومهت و دهسهڵاتدارانى توركیاش داوه و وتوویهتى: "ئەگەربێت و بڵێن گوێ بەبڕیارەکە نادەین، کەواتە لە ئەورووپا خۆت دابڕاندووە و باجی ئەوەش قورس دەبێت".
سێشەممەی ڕابردوو، دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لە بەیاننامەیێکدا سەرکۆنەی بەردهوامی هێشتنەوەی سەڵاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشوی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ی لە زیندان کرد و داوای کرد، دەستبەجێ ئازاد بکرێت.
دادگاکە لە بەیاننامەکە ڕایگەیاندبوو، زیندانی کردنی دەمیرتاش پێشێل کردنی پێنج مادەی ڕێککەوتننامەی ئەورووپی بۆ مافەکانی مرۆڤە و پشت بە هۆکاری سیاسیی دەبەستێت نەوەک یاسایی، بەردەوامی مانەوەشی بەپێشێل کردنی مافەکانی دەمیرتاش هەژمار کردبوو.
لەبەرامبەر بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، سولەیمان سۆیڵو وەزیری ناوخۆی تورکیا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندبوو، داواکاری دادگا ئەورووپییەکە بۆش و بێمانایە و ئەوان جێبەجێی ناکەن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا سەرتای ئەم هەفتەیە ژمارەیێک لە سەندیکای پارێزەران لە تورکیا بەپشتبەستن بە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، داوایان لە دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان کردووە سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکات.
بەپێی ڕۆژنامەی "ئاڕتی گەرچەک"ی تورکی، ٢٢ لقى سەندیکای پارێزەران لە تورکیا بەیاننامەیێکی هاوبەشیان دەرکردووە و داوایان لە دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكپارتى) کردووە سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکات کە لە ساڵی ٢٠١٦وە لە زینداندایە.
ئەو سەندیکایانە باسیان لەوەش کردووە، بەپێی مادەی ٤٦ی ڕێککەوتننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا، کە تورکیا واژۆی لەسەر کردووە دەڵێت، بڕیارەکانی دادگاکە بۆ هەموو ئەندامانی پابەندە و دەبێت جێبەجێ بکرێت.
سەرچاوە: شارپرێس
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment