بەپێی هەواڵی کوردرێس، سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازیی کرد لە کۆڵۆنێڵ کرێس مولحەقی سەربازی باڵیۆزخانەی ئوسترالیا لە عێراق.
لە دیدارەکەدا تیشک خرایە سەر پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان ئوسترالیا و هەرێمی کوردستان، لە لایەک و پەیوەندی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، رێکارەکانی دروست کردنی دوو لیوای هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لە لایەکی ترەوە.
لای خۆیەوە، مولحەقی سەربازی ئوستوڕالیا خۆشحاڵیی خۆی بەسەردانەکە دەربڕی، رایگەیاند: دەمانەوێ پەیوەندی یەکی نوێ لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە پەرە پێبدەین،
ئامادەیی سوپای وڵاتەکەشی نیشان دا، کە لە داهاتودا لەڕووی مەشق و راهێنان و راوێژکارییەوە، بەتایبەت ئەو خولانەی لەناوەوەو دەرەوەی وڵات بۆ ئەفسەر و کارمەندانی پێشمەرگە دەکرێنەوە، هاوکار و پاڵپشت بن.
لای خۆیەوە، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، سوپاسی گەل و حکومەتی ئوسترالیای کرد، کە هاوکاری پێشمەرگە بوون لە شەڕی دژی داعش، لەچوارچێوەی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژی داعش،
هەروەها ووتی ڕاستە هەرێمی کوردستان و ئوسترالیا لە ڕووی جوگرافیەوە لە یەک دوورین بەڵام لە ئامانجدا لە یەک نزیکین، هەردوو لە دژی تیرۆرین، پێکەوە قوربانی دەدەین بۆ ئاشتی و ئارامی،
جەختی کردەوە لە پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی هەردوولا، لەبواری پەیوەندییەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاست و توانای هێزەکانی پێشمەرگە، چونکە لە جەنگی دژی تیرۆر و تیرۆریستانی داعش هاوبەشیمان هەیە.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوولا جەختیان لە بەردەوامی ئەو پەیوەندییە کردەوە و خوازیاری پێکەوە کارکردن و بەردەوامی پێکەوە بوون بوون.
Your Comment