بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ڤینسنت ڤان هوتن بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نزیکی کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی ئەڵمانی "دۆیچەبان" کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە کلێمێنس زێمتنەر کونسولی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر ئامادەی بوو، نوێنەری کۆمپانیای دۆیچە بان، کورتەیەکی دەربارەی دەربارەی لێکتێگەیشتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای دۆیچە بان خستەڕوو بۆ ڕاوێژ و سەرپەرشتی کردنی هێڵی ئاسنین لە هەرێمی کوردستان، نوێنەری کۆمپانیا ئەڵمانییەکە، ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە هەنگاوێکی سەرەتاییە بۆ دەستکردن بەم پڕۆژە گرنگە کە لە چەندین قۆناغ پێکدێت و لە لایەن چەند کۆمپانیایەکی جیاوازەوە ئەنجام دەدرێت.
هەروەها سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لە گرنگیی ئەنجامدانی ئەم پڕۆژە گرنگ و ستراتیجییە کردەوە بە ئاراستەی بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان و بەیەکەوە بەستنەوەی شارو ناوچەکان و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و جیهان.
Your Comment