بایدن: لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمریکییەکاندا سەرکردەی تیرۆریستانی داعش کوژرا

بەشی جیهان- سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی "سەرکەوتووی" سەربازیدا لە باکووری رۆژئاوای سووریا توانیویانە «ئەبوو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقورەیشی»، سەرکردەی داعش و جێگرەوەی ئەبووبەکر بەغدادی بکوژن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا رایگەیاند: "شەوی رابردوو بە فەرمانی من، هێزەکانی سوپای ئەمریکا لە باکووری رۆژئاوای سووریا بە شێوەیەکی سەرکەوتوو ئۆپەراسیۆنێکی دژەتیرۆریان ئەنجامدا بۆ پاراستنی گەلی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان، بۆ سەلامەتیی جیهان. بەهۆی هێزە چەکدارە ئازا و بەئەزموونەکانمانەوە، ئەبوو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقورەیشی، خەلیفەی داعشمان کوشت".

له‌ وته‌یه‌کدا، سه‌رۆکی ئەمریکا، گوتی: له‌ 2019ه‌وه‌ داعش چه‌ندین کرده‌وه‌ی تیرۆریستیی دژی هاوپه‌یمانه‌کانمان ئه‌نجامداوه‌ و حاجی عه‌بدوڵڵا، که‌ شه‌وی رابردوو له‌ ئۆپراسیۆنێکی سوپای ئەمریکا له‌ باکووری سووریا کوژرا، سه‌رکردایه‌تی داعشی ده‌کرد و به‌رپرسی په‌لاماره‌که‌ی سه‌ر زیندانی غوێران بوو، که‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌کانی هه‌سه‌ده‌ی هاوپه‌یمانمان وه‌ڵام درایه‌وه‌.

ناوبراو گوتیشی: حاجی عه‌بدوڵڵا له‌ پشت کوشتاری ئێزدییه‌کان بوو له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ 2014 و هه‌زاران ژن و منداڵی کردووه‌ته‌ کۆیله‌ و ده‌ستدرێژی سێکسی کردوونه‌ته‌ سه‌ر و سوپاس بۆ هێزه‌کانمان، که‌ ئه‌م تیرۆریسته‌ مه‌ترسیداره‌ له‌ناو برا.

هه‌روه‌ها گوتی: من وه‌زاره‌تی به‌رگریم راسپارد، هه‌رچی بکرێت، مه‌ده‌نی و خه‌ڵکی دیکه‌ له‌ نزیکییه‌وه‌ پێوه‌ نه‌بن و هێرشی ئاسمانیمان ئه‌نجام نه‌دا، به‌ڵکو دابه‌زین، کاتێک سه‌ربازه‌کانمان نزیک بوونه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستگیری بکه‌ن، کارێکی ترسنۆکانه‌ی کرد و به‌ بێ گوێدان به‌ ژن و منداڵه‌کانی له‌ نهۆمی سێیه‌می خانووه‌که‌ خۆی ته‌قانده‌وه‌، وه‌ک چۆن به‌غدادیش هه‌مان شتی کرد.

سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت، سەرجەم ئەمریکییەکان لەو ئۆپەراسیۆنە بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە لەوبارەیەوە ئەمڕۆ پەیامێکی دەبێت.

جۆ بایدن جگە لە کوژرانی خەلیفەکەی داعش لە راگەیێندراوەکەیدا باسی لە کوژرانی هیچ هاووڵاتییەکی سڤیل نەکردووە.

بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە میدیاکانی راگەیاندووە، لەکاتێکدا هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی خەلیفەکەی داعش، خۆی تەقاندووەتەوە و بەو هۆیەوە هەندێک خەڵکی سڤیل کوژراون.

ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەمریکا لە ئیدلب

ئەمڕۆ 03-02-2022 وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رایگەیاند، لە باکووری رۆژئاوای سووریا ئۆپەراسیۆنێکیان بە سەرکەوتوویی ئەنجامداوە بەبێ ئەوەی هیچ سەربازێکی ئەمریکی زیانی پێبگات. ئاژانسە هەواڵییەکانیش باسیان لەوە کرد کە بەهۆی ئەو هێرشەوە "12/13 کەسی سڤیل کوژراون".

جۆن کێربی، گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند، "هێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمریکا لەژێر کۆنترۆڵی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی دژە تیرۆریان لە باکووری رۆژئاوای سووریا ئەنجامدا. ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتوو بوو. هیچ زیانێکی گیانی بە سەربازانی ئەمریکی لێنەکەوتەوە".

ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز لە زاری دانیشتووانی ناوچەکەوە بڵاویکردووەتەوە، "12 کەسی سڤیل لە ئۆپەراسیۆنە دوو کاژێریەکەدا کوژراون". ئاژانسی ئەنادۆڵیش ئاماژەی بەوە کردووە، ژمارەی کوژراوەکان 13 کەسن.

وەزرەتی بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بە کوژرانی خەڵکی سڤیل نەکردووە.

هەندێک زانیاری لەبارەی خەلیفەی دووەمی داعش

خەلیفەکەی داعش ناوی تەواوی ئەمیر محەممەد سەعید عەبدولڕەحمان محەمەد مولی-یە، لەدایکبووی ساڵی 1976ی قەزای عەفارەی عێراقە و لە ساڵی 2006 تاوەکوو 2011 لە زیندانەکانی بۆکا لەژێر دەستی ئەمریکییەکان دەستبەسەر بووە، کە لەو ماوەیەدا پەیوەندییەکی تووندی لەگەڵ ئەبوبەکر بەغدادی دروستکردووە، دواتر ئەو پەیوەندییە بۆ ماوەی 16 ساڵ درێژەی کێشا.

زۆرینەی ژیانی لە شاری تەلعەفەری باکووری رۆژئاوای مووسڵ بەسەربردووە لەگەڵ کەوتنی موسڵ چووەتە ئەو شارە و رۆڵی هەبووە لە حوکمی تووندی داعش لەو پارێزگایە، لەو ماوەیەدا کە داعش کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری خاکی سووریا و عێراقی کردبوو، پۆستی راوێژکاری شەرعیی داعشی هەبووە، کە خۆیشی دەرچووی کۆلێژی ئیمام ئەعزەمی موسڵ بووە.

دواتر پۆستی ئەمیری دیوانی ئاسایشی گشتیی داعشی لە سووریا و عێراق وەرگرتووە، کە یەکێک بووە لە دیوانە ناوخۆییەکانی داعش و بەرپرس بووە لە پاراستنی سەرکردە و ئەمیرەکانی داعش و لەنێوبردنی نەیارەکانیان، پاشان بووەتە وەزیری بەرگریی داعش و بەرپرسی بۆمبڕێژکردن و تەقاندنەوە لە سووریا.

خەلیفەی دووەمی داعش چەند ناوێکی هەبووە کە لە کاتی رێکخستندا بەکاریهێناوە، لەوانەش:

1. ئەبو عومەر تورکمانی

2. پرۆفیسۆر ئەحمەد

3. ئەبو سەعید تورکمانی

4. حاجی عەبدوڵڵا کارداش

5. ئەبو ئیبراهیم هاشمی قورەیشی

هاوسەرگیری لەگەڵ سێ ژنی عێراقی کردووە کە دواهەمینیان ناوی ئیسرا عەبدولڕەحمان عەلی-یە. دوو برای هەیە بە ناوەکانی عامر محەممەد سەعید، کە پاش دەرکردنی فەتوایەک لەلایەن رێکخراوەکەوە کوژرا، چونکە دژی بیرۆکەی رێکخستنی رێکخراوەکە بووە، هەروەها عادل محەممەد سەعید لەدایکبووی ساڵی 1970یە و ئەندامی بەرەی تورکمانی عێراقە.

خەلیفەکەی داعش کەسێک بووە کەم قسەی کردووە و بێدەنگ بووە، بەڵام هەمیشە خوازیاری خۆشاردنەوە بووە و هەر ئەوەش وایکردووە زۆرکات شێوەی خۆی بگۆڕێت. دوای وەرگرتنی پۆستی خەلیفە، قاچی لە خوارەوەی ئەژنۆی راستی لە بۆردوومانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ماوەی شەڕەکانی ئەم دواییەدا لەدەستدەدات و بۆ ماوەیەک لەژێر چاودێریی پزیشکیدا دەبێت لە موسڵ.

ناوبراو بە یەکێک لە دامەزرێنەران و پلانداڕێژەرانی گرنگترین هێرشە گەورەکانی موسڵ و روومادی ئەژمار دەکرا و ئەزموونی سەربازیی هەیە و چەند پۆستێکی هەیە، لەنێویاندا ئەندامێکی کۆمیسیۆن کە چاودێریی گرنگترین جومگەکانی رێکخراوەکەی دەکرد.

News Code 4951

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha