بە تۆمەتی سووکایەتی کردن بە ئەردۆغان ڕۆژنامەنووسێکی دیار دەستگیر کرا

بەشی تورکیا- دادگایێکی تورکیا فەرمانی کردوە که‌ رۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری دیاری وڵاته‌که‌ زیندانی بکرێت و ئەوەش بە تۆمەتی سووکایەتی کردن بە سه‌رۆک کۆماری وڵاته‌که‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی رۆیته‌رز به‌پشت به‌ستن به‌ سی ئێن ئێن تورک بڵاویکرده‌وه‌، کاتژمێر 2:00ی بەیانیی رۆژی شه‌ممه‌ پۆلیس رۆژنامەنووسی دیاری تورکی "سەدیف کاباس" دەستبەسەرکردوە و سەرەتا بردوویانە بۆ بنکەی سەرەکی پۆلیسی ئیستانبوڵ و دواتر گواستراوەتەوە بۆ دادگای سەرەکی شارەکە، دادگاکەش فەرمانی کردووە دەستگیر بکرێت.

ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ گوایە سووکایەتی کردووه‌ به‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان لەڕێگه‌ی پەندێکەوە کە باس لە کۆشک دەکات و لە کەناڵێکی ئۆپۆزسیۆن و هەژمارە تایبەتیەکەی خۆشییەوە لە توویتەر بڵاویکردوه‌تەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بەرپرسانی حکوومەتی تورکیا سەرکۆنەی بکەن.

فەهرەتین ئاڵتون، سەرۆکی بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییەکانی تورکیا لە تویتەر نوسیویەتی، "سەربەرزیی ئۆفیسی سەرۆکایەتی سەربەرزیی وڵاتەکەمانە، سەرکۆنەی سووکایەتیەکان دژی سەرۆک و ئۆفیسەکەی دەکەم".

لایخۆیه‌وه‌ مەردان یەناردەگی، بەڕێوبەری سەرنوسەری کەناڵی تێلێ 1، هەمان ئەو کەناڵەی کە کاباس پەندەکەی تیادا وت، بە توندی ڕەخنەی لە دەستگیرکردنی کاباس گرت و وتی: "دەستگیرکردنی لە 2:00ی بەیانیدا لەسەر پەندێک جێی قبووڵ کردن نیە، ئەم کارە هەوڵێکە بۆ تۆقاندنی رۆژنامەنووسان و راگەیاندن و کۆمەڵگەش".

لە مانگی 10ی ساڵی ڕابردودا دادگای باڵای ئەورووپا بۆ مافەکانی مرۆڤ داوای لە تورکیا کرد یاساکە بگۆڕێت، ئەوەش دوای ئەوەی رایگەیاند، دەستگیرکردنی کەسێک بەو یاسایە پێشێل کردنی ئازادی رادەربڕینی کەسەکەیە.

لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا چەندین کەس بەهۆی سووکایەتی کردن بە ئەردۆغانەوە سزای زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە.

News Code 4825

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha